بارزانی: ئەركی قوتابی و لاوان لە هەموو كاتێك قورسترە

بارزانی: ئەركی قوتابی و لاوان لە هەموو كاتێك قورسترە

بە بۆنەی یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی هەر دوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد و ڕایگەیاندووە: قوتابیان و لاوانی دیموکراتی كوردستان لە هەموو قۆناغێكی خەباتی گەلەكەماندا ئەرك و جێدەستیان دیار بووە و شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە. ئێستایش كە گەلەكەمان لە قۆناغی بەرخودان و چەسپاندنی مافەكان و تێپەڕاندنی كۆسپ و تەحەددیاتەكاندایە، ئەركی قوتابی و لاوان لە هەموو كاتێك هەستیارتر و قورسترە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی یادی شەستوپێنج ساڵەی دامەزراندنی هەر دوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەردوو سكرتاریەتی قوتابیان و لاوان و هەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی دیموکراتی كوردستان لە هەموو قۆناغێكی خەباتی گەلەكەماندا ئەرك و جێدەستیان دیار بووە و شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە. ئێستایش كە گەلەكەمان لە قۆناغی بەرخودان و چەسپاندنی مافەكان و تێپەڕاندنی كۆسپ و تەحەددیاتەكاندایە، ئەركی قوتابی و لاوان لە هەموو كاتێك هەستیارتر و قورسترە.

پێویستە قوتابیان و لاوان لە جاران زیاتر شوێنكەوتووی بەها بەرزەكانی خەبات و كوردایەتی بن و لە هەڕەشە و تەحەدییاتەكان نائومێد نەبن. گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیكتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و هزری توندڕۆییشیان تێكشكاندووە. هەروەها بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان كردووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بە ئیرادەیەكی بەهێز و پۆڵایین بەردەوام بوونە.

ئەمە كارنامەی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی گەلی كوردستانە لە خەباتی ڕەوای خۆیدا كە پێویستە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست بە ئیرادەیەكی بەرز درێژەپێدەری بن و دەوڵەمەندی بكەن.

جارێكی تر پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەتان لێ دەكەم و هیوای خۆشی و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی
١٧-ی٢-ی٢٠١٨

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە