بەیاننامەی چالاکانی باشووری کوردستان لەهەمبەر ڕەشبگیرییەکانی ڕۆژهەڵات

بەیاننامەی چالاکانی باشووری کوردستان لەهەمبەر ڕەشبگیرییەکانی ڕۆژهەڵات

پەیامی کورد ... بەیاننامەی چالاکانی باشووری کوردستان لەهەمبەر ڕەشبگیرییەکانی ڕۆژهەڵات

 

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی باشووری کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی و هاوپێوەندی خۆیان لە چالاکوانانی مەدەنی و دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە و ئەم کردەوە جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیان مەحکوم کردووە.

 

 

وێرای دەسخۆشی لەم ئەرکە نەتەوەییە، لەم قۆناغەدا کە دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەتبوون و هێدی هێدی سڕینەوەمان دەدا، بەردەوامیی هاوپشتی و وەستانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە گەڵ یەکتر تەنیا زامنی سەرکەوتنی تێکۆشان و شکستی دوژمنانمانە.

 

دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم شێوەیە، ماوەی مانگێکە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی ھێزە چەکدارەکان ھەڵمەتی تۆقاندن، دەستگیرکردن و ڕاوەدونانیان لەبەرامبەر چالاکانی مەدەنی، مامۆستایانی زمانی کوردی، شانۆکار، نووسەر و ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکردوە و بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە ١٠٠ کەسی خستۆتە زیندانەکانەوە، و ژمارەیەکی بەرچاویش لەترسی گرتن، بنەماڵەکانییان جێھێشتووە و پەنایان بردۆتە بەر وڵاتانی دیکە .

 

ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو ھێزە چەکدار و داپلۆسێنەرانە، لە نیوەشەودا ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەو گەنجانە و جگە لەدەستگیرکردن، بێحورمەتی بە بنەماڵەکانیشیان دەکەن، سەرباری ئەمەش ھۆکار و شوێنی زیندانییەکان بەھیچ کەس ناڵێن و ڕەوشێکی دەروونی خراپیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروستکردوە.

 

ئەم ڕەفتارانەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتننامە و پەیماننامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤە، بەتایبەتیش مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی چالاکیی سیاسی و پاراستنی شکۆی مرۆڤ.

 

ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، ئەکادێمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ھاوسۆزی ئازادیی لە باشووری کوردستان ، بە دەنگێکی بەرز، ئەو ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی برا و خوشکانمان لە زیندانەکان دەکەین و لەو باوەڕەش داین ئەم ڕەفتارەی حکومەتی ئێران ناتوانێت تا کۆتایی دەنگی ناڕەزایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کپ بکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە