رووسیا: له‌ نزیك مۆسكۆ پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆكرانیامان خستە خوارەوە

رووسیا: له‌ نزیك مۆسكۆ پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆكرانیامان خستە خوارەوە

پیامی کورد... رووسیا: له‌ نزیك مۆسكۆ پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆكرانیامان خستە خوارەوە


وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگه‌یاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، کە لە رێگەدا بوون بەرەو مۆسکۆی پایتەخت، لەلایەن بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە خراونەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تەمموزی 2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی رووسیا "کردەیەکی تیرۆریستی" ئۆکرانیایان پووچەڵکردووەتەوە و پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە ناوچەکانی نزیک لە مۆسکۆی پایتەخت خستووەتە خوارەوە.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رووداوەکەی سەرکۆنە کرد و بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئۆکرانیا بەنیازبوو بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناوچەیەک کە "دامەزراوەی ژێرخانی مەدەنی و فڕۆکەخانەی لێیە" بکاتە ئامانج.

هاوکات ئاژانسی "تاس"ـی رووسی لەبارەی رووداوەکە بڵاویکردووەتەوە، بەرگریی ئاسمانی رووسیا یەکێک لە درۆنەکانی لە ناوچەی 'کاڵوگا' کە 190 کیلۆمەتر لە ناوەندیی شاری مۆسکۆ دوورە، خستووەتە خوارەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشکە بووەتە هۆی ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی فنوکۆڤۆ، کە لە شاری مۆسکۆ نزیکە، بۆ ماوەیەک رابگیرێن.

ئاژانسەکە ئاشکراینەکردووە، درۆنەکان لە چ شوێنێکەوە و لەلایەن کامە لایەنەوە ئاراستەی مۆسکۆی پایتەخت کراون و لەبارەی زیانەکانیشەوە دەڵێت، خستنەخوارەوەی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەوە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر مۆسکۆی پایتەخت، تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکانن و هیچ هاووڵاتییەک بەهۆی رووداوەکەوە بریندار نەبووە.

ئەم هێرشە درۆنییە بۆ سەر مۆسکۆی پایتەخت لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022؛ چەندین جار شارە جیاجاکانی رووسیا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کراونەتە ئامانج و لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا ئەو جۆرە هێرشانە زیادیان کردووە.

رۆژی 30ی ئایاری 2023، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر مۆسکۆ و سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لەوبارەوەی رایگەیاندبوو، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی بە چەند باڵەخانەیەک گەیاندووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە