سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...    سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕینی ٣٥ ساڵ بەسەر کارەساتی زێوە دەڵێ، دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ رێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ".

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "هەركەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی رژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت".

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر بوردوومانی (ئۆردوگای زێوە) تێدەپەڕێت. لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعسی عێراق بە هەشت فڕۆكەی سیخۆ بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردۆگا و پەنابەرانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵی بێ تاوانی شەهید كرد.

كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت. ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان نەوەستا و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجام دا. هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت.

لە هەمانكاتیشدا، خۆڕاگری و قارەمانیەتی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینە و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ و سەرشۆڕ و تێكشكاو دەمێنێتەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی سەربەرزی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سڵاو بۆ گیانفیدایی و ئازایەتی گەلی كوردستان.

 

مسعود بارزانی

9ـی 6ـی 2020

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە