پەیامی کورد ... کۆشکی سپی چەندین بژاردەی لە سەر بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران تاوتوێ کرد
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا رایگەیاند، `ڕۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەندین بژارە، بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەگەر هێرش بکەنە سەر سەرباز و دیبلۆماتکارانی ئەمریکی لە عێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز، بەرپرسەکە ئاشکرای کردووە: ”وەزیری دەرەوە و جێبەجێکاری کاروباری وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و چەندین گەورە بەرپرسی دیکە ئامادەی ئەو کۆبوونەیەوەیە بوونە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە کاروباری ئێران“.
دەشڵێ: ”بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر چەند بژارەیەک رێک کەوتوون، بۆ ئەوەی لەنزیکترین کاتدا بیخەنە بەر دەستی ترامپ“.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای دوو رۆژ هات لە راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، کە بۆ یەکەمجار ژێردەریاییەکی هەڵگری ئەتۆمی، بە یاوەریی چەندین کەشتیی جەنگی، گەیاندووەتە تەنگەی هورمز.
بەرپرسێکی پنتاگۆن لە لێدوانێکیدا بۆ (سکای نیوز)ی عەرەبی گوتی، هێنانی ئەو ژێردەریاییە پەیامێکە بۆ ئێران، کە ئەمەریکا پابەندە بە پاراستن و بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، ژێردەریایی (یو ئێس ئێس جۆرجیا)، کە هێنراوەتە کەنداو، زیاتر لە 150 مووشەکی تۆماهۆکی هەڵگرتووە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرایە ئامانجی مووشەکی میلیشیاکان و هەندێ زیانی دارایی پێگەیاند.
راپۆرتە هەواڵگریییەکانی ئەمەریکا هۆشداریی دەدەن لەوەی، ملیشیا چەکدارەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندس، فەرماندەی حەشدی شەعبی، پەنا بۆ کاری تیرۆر و تێکدەرانە ببەن.
فرانک ماکینزی، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، ئەگەر ئێران لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی هێرشیان بکاتە سەر، ئەوا وڵاتەکەی ئامادەی بەرپەرچدانەوەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە