بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە " گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک " ، باسی کوردایەتی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک دەکەن کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا شارەکەیان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق فرۆشت. لەمبارەیەشەوە پەرلەمانتارێک ڕایدەگەینێت، خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەپێش حەشدی شەعبی کەوتن بۆ نەھێشتنی کورد لە کەرکووک.
دوێنێ سێشەممە 17/4/2018، لاھوور جەنگی، جارێکی تر سەردانی کەرکووکی کرد بۆ ناساندنی کاندیدەکانی یەکێتی لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا لە کەرکووک و لە یەکێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان کەرکووک بەجێ ناھێڵن و لەگەڵ خەڵکی کەرکووک دان و گوایە کوردایەتی دەکەن.
لەمبارەیەوە عەباس غەزالی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “هەر ئەو گرووپە خیانەتکارەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە پێش حەشدی شەعبی کەوتن بۆ نەھێشتنی کورد لە کەرکووک“.
ھاوکات ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ئەو گرووپەی ناو یەکێتی ئیتیکیان روونە و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە لە کەرکووک ڕووی داوە، ھەر بە ھۆی ئەوانەوەیە”.
عەباس غەزالی، ئەوەشی خستەڕوو: “گرووپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەگەر تۆزێک هەستی کوردانەیان ھەبێت، تەنھا لەسەر بارەگاکانیان و لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا ئاڵای کوردستانیان بەرز دەکردەوە“. گوتیشی: ”ھەموومان بینیمان گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا ویستیان ھێزی خۆیان لە کەرکووک دەربخەن، بەڵام بینیمان کە چۆن ڕاو نران و ھاوپەیمانەکانیشیان کەرکووکیان لێیان قەدەخە کرد، ئێستاش نازانم چۆن جارێکی تر سەردانی کەرکووک دەکەنەوە؟ بۆیە ئەو گرووپە دەبێت بۆ داھاتوو کەرکوکییەکان بیاندەن بە دادگا”.
پێشتر چەندان کەسایەتیی جیاواز، لاهوور جەنگییان بە ئەندازیاری خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناوبردووە و وەستا ڕەسوڵ، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکێتیش لەکاتی پاکانەکردنەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لەسەر داوای لاهوور جەنگی، چووەتە نێو گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ میلیشیاکانی عێراق و ئێران.
دوای ئەوەی کەرکووک و خورماتوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەلایەن میلیشیاکانەوە داگیر کران، هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، لەگەڵ شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خیانەتەیان کردووە. پاشان لە وەڵامی نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیمدا، کۆسرەت ڕەسوڵ ئاشکرای کرد کە بنەماڵەی تاڵەبانی بەهۆی ”ڕێککەوتنی ژێر بە ژێریان لەگەڵ ئەملا و ئەولا“، ئیحراجییەکی گەورەیان بۆ یەکێتی دروست کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە