پەیامی کورد … نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆك: لە پارێزگاكەماندا یاسا سەروەرە
سەبارەت بە دەستگیركردنی ژمارەیەك چالاكوان و ڕۆژنامەنوس لە پارێزگاكە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاندووە، “هەموو ئەوانەی لە پارێزگا دەستگیركراون بە بڕیاری دادگا بووە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە شەوی یەکشەممە ١٤ی شوبات لەلایەن ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، “ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین لەگەڵ سیخوڕی و قاچاخچێتی و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بە گروپە چەكدارەكان جیاوازە”.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “هەموو ئەو كەسانەی لە پارێزگای دهۆك دەستگیركراون بە بڕیاری دادگا بووە، هەر دادگاش بڕیار لە چارەنوسیان دەدات”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییان گرنگترین ئەركی حكومەتی هەرێمە، كە لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ دەكرێت”.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆك ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە پارێزگای دهۆك پارێزبەندیی سیاسی لەسەر ئەندامی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، كە سەرپێچی یاسا بكەن ڕوبەڕووی یاسا دەكرێنەوە”.
باس لەوەشكراوە، “لە پارێزگای دهۆك یاسا سەروەرە و لایەنە سیاسییەكان جێی دادگا و كادرە سیاسییەكان جێی دادوەرەكان ناگرن”.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە