ژمارەیەک ڕێکخراوی چاودێر لە سەر پێشێلکارییەکانی دەنگدان بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە

ژمارەیەک ڕێکخراوی چاودێر لە سەر پێشێلکارییەکانی دەنگدان بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە

ژمارەیەك ڕێكخراو لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە پێشێلكارییەكانی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیان دیاریكردووە و داوا لەكۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن پێشێلكارییەكان بوەستێنن.
33 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی كە چاودێری هەڵبژارنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، بە یانزە خاڵ پێشێلكارییەكانی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیان دیاریكردووە و گومانیان هەیە، لەدەنگدانی گشتیشدا هەمان پێشێلكاری دووبارە ببنەوە، بۆیە داوادەكەن ئەو پێشێلكارییانە ڕابگیرێن.
دەقی بەیاننامەكە:
لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاكدا، تكایە ئەو پێشێلكاریانە ڕابگرن
بەڕێز / كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق
بەرێز/ نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان
بەرێزان/ نوێنەرانی قەوارەو لیستە سیاسیەكان
لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، سیستەمێكی تازەی ئەلیكترۆنی پەیرەوكرا، ئومێدمان ئەوەبوو كە هەڵبژاردنەكان لەجارانی پێشوو باشتر بەڕێوە بچێت و سەرجەم دەنگدەران بتوانن بەئاسودەیی دەنگ بدەن و بواری ساختەكاریش كەم بكاتەوە، بەلام بەداخەوە ئەوەی لەدەنگدانی تایبەتدا بەڕێوە چوو كۆمەلێك خەوش و كەموكوڕی و پێشێلكاری (خروقات)ی تیادا بەدی كرا، كە بەشێكیان خودی كۆمسیۆن لێیان بەرپرسیارەو بەشێكیش لە پێشێلكاریەكان لەلایەن لیست و قەوارە سیاسیەكان (بەتایبەت حزبە باڵا دەستەكان)ەوە ئەنجامدراون، كە خۆیان دەبینیەوە لە:
1-بوونی فشارێكی زۆری ڕێژەی دەنگدەران لەهەریەك لە بنكەكان كە هاوسەنگی كات و ژمارەی دەنگدەران تیایاندا لەبەرچاو نەگیرابوو.
2-لەهەر بنكەیەكدا تەنها یەك كۆمپیوتەر هەبوو بۆ دەستنیشانكردنی ناوی دەنگدەرانی سەرجەم وێستگەكانی بنكەكە كە ئەمەش لەگەل ژمارەی دەنگدەرەكاندا وێك نەدەهاتەوەو بەسەریان ڕانەدەگەیشت.
3-بەپێی ڕێنماییەكانی خودی كۆمیسیۆن و پێكهاتەی خودی سندوق و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكە دەبوایە هەر سندوقێك (6) قوفڵی لێ بدرابوایە، بەلام لەسەرجەم وێستگەكاندا سندوقەكان تەنها (5) قوفڵیان لێدرابوو و شوێنی قوفڵی سەر دەرگەی (فلاش و میمۆری)ی ئامێرەكە بەبۆشی مابوویەوەو فەرامۆش كرابوو قوفڵی لێنەدرابوو!
4-بەهۆی خاویی سیستەمەكەو تەواو بوونی كاتەوە ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەران بێبەش بوون لە دەنگدان.
5-بێسەروبەرەیی لە كردنەژوورەوەی دەنگدەران بۆ بنكەو وێستگەكان پشێویی لە بەشێكی زۆری بنكەكان درووست بوو. ئەمەش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبوو.
6-لە زۆربەی بنكەكاندا دیاردەی چەكداری بەدی دەكراو لەناو بنكەكاندا كەسانێك هەبوون بەچەكەوە دەبینران كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر سایكۆلۆجیای دەنگدەر هەبوو.
7-بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك و وێنەگرتنی كارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە بەبەرچاوی كارمەندانی كۆمسیۆنەوە بەبێ ئەوەی رێگریان لێ بكرێت.
8-بوونی لافیتەو ریكلامی قەوارە سیاسیەكان بەدیوار و نزیك بنكەكانی دەنگدانەوە.
9-دابەشكردنی كارت و ریكلامی قەوارەو كاندیدەكان لەناو بنكەكانی دەنگداندا.
10-بوونی كەسانێك لە بەرپرسانی حزبی و ئەمنی لەناو بنكەكاندا كە بە بەرنامەو مونەزەمی فشاریان دەخستە سەر دەنگدەران كە دەنگ بە لیستێكی دیاریكراو بدەن.
11-لەبەشێك لە وێستگەكاندا لەیەك كاتدا دەیان كەس لەژوورەوە لەسەر ئامێر و سندوق و كابینەكاندابوون و بەیەكەوە دەنگیان دەدا.
ئەو پێشێلكارییانەی لەم خالانەی سەرەوەدا هاتوون، هەر هەمووی پێچەوانەی یاساو رێنماییەكانی دەنگدان و كاری كۆمسیۆنە، دەبنە مایەی لەكەدار كردنی پرۆسەكەو كاریگەریی خراپیان لەسەر سایكۆلۆجیای دەنگدەر و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرجەم قەوارە سیاسیەكان پەیمانێكی شەرفیان لەسەر دەستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كرد كە خۆیان لە پێشێلكاری بەدوور بگرن، بەلام بەداخەوە هەندێكیان پێوەی پەیوەست نەبوون.
هەر بۆیە لەپێناو رێگری كردن لەو دیاردە نامۆ و نایاساییانە، كە لەدەنگدانی تایبەتدا ئەنجامدران، بۆ ئەوەی لەدەنگدانی گشتیدا دووبارە نەبنەوە، ئێمە وەك ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە بەفەرمی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكەین، ڕووی دەممان دەكەینە كۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كە تەنها بەڕێزیان بەرپرسیاری یەكەمن لێی، كە بەپەلە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر، پێشێلكارییەكان بوەستێنن و رێگری لە لایەنە سیاسیە بالادەستەكان بكەن ئەو كارە نایاساییانە راگرن، ئەوەی پەیوەندی بە كارە هونەرییەكانی كۆمیسیۆنیشەوە هەیە لەو كاتە كەمەی ماوە بۆ دەنگدانی گشتی چارەسەریان بكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە هیچی تر لەكەدار نەبێت و متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێتەوەو زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانیش بواری دەنگدانیان بۆ بڕەخسێنرێت.
لەگەل رێزدا
11/5/2018
1-ئەنستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)
2-پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی (ILDK)
3-دەزگای ستاندەرد بۆ ڕاگەیاندن.
4-ڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)
5- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان (NIIR)
6- ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان (BID)
7-ڕێكخراوی دیمەن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان
8-ڕێكخراوی سكالا بۆ پرسەكانی ژنان
9- ڕێكخراوی گەیاندن بۆ چالاكیە دیموكراسیەكان و مافی مرۆڤ.
10- ڕێكخراوی هەڵوێست
11-ڕێكخراوی پایتەختی ئاشتی
12- ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەموان (KEODD)
13-ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان
14-ڕێكخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادیەكان
15-سەنتەری پەرەرپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
16-ڕێكخراوی داكۆكی لە زانكۆ و پەیمانگاكان
17-ئەنستیتۆتی لۆبی بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ
18-ڕێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە
19-ڕێكخراوی ڕۆنیا بۆ هوشیاری و تەندروستی
20-تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە (كە 5 ڕێكخراو لەخۆ دەگرێت)
21- كۆمەلەی عێراقی- كەنەدی بۆ مافەكانی مرۆڤ
22-پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
23-سەنتەری كوردستان بۆ هاوكاری مرۆیی (KCC)
24-رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان (KEDO)
25-رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی (STOP)
26-رێكخراوی چاوی زانكۆ
27- رێكخراوی بەسە Enough
28-رێكخراوی سەروەریی هەڵەبجە
29-ڕێكخراوی لیزا بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
30- ڕێكخراوی (wise) بۆ پەروەردەو فێركردن
31-ڕێكخراوی جوگرافیای كشتی
32-ڕێكخراوی بیداری
33-تۆڕی ڕێكخراوەكان بۆ مافی چارەی خۆنووسین

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە