نێچیرڤان بارزانی: داواکارین حکومەتی عێراق، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

نێچیرڤان بارزانی: داواکارین حکومەتی عێراق، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

پەیامی کورد … نێچیرڤان بارزانی: داواکارین حکومەتی عێراق، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ یادی ٣٣ ساڵەی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "داواکارین حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت".

 

دەقی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ یادی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە:.

 

ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی بەعس و شه‌هيدبوونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربوونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت.

 

لە یادی هەرگیز لەیادنەچووی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وێڕای دروود و سڵاو و سەردانه‌واندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی ڕەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.

 

لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زياتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.

 

داواکارین حکومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.

 

لە یادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌که‌ین کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن. دەبێ ئه‌مه‌ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تدا.

 

شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانیياندا زیندوون. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان.

 

نێچیرڤان بارزانی

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە