یەک ملیۆن ژەمە پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

یەک ملیۆن ژەمە پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

پەیامی کورد … یەک ملیۆن ژەمە پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

 

بڕیارە یەک ملیۆن ژەمە پێکوتەی پەتای کۆرۆنا بگاتە عێراق و بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

 

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە: رۆژی پێنجشەممە 12-8-2021 بڕی 500 هەزار ژەم پێکوتەی کۆرۆنا لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق.

 

سەیف بەدر هەروەها رایگەیاندووە: لە رۆژی شەممە 14-8-2021 (ئەمڕۆ) و یەکشەممەدا، بڕی یەک ملیۆن ژەم پێکوتەی دیکە دەگاتە عێراق.

 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو پێکوتەیەی بڕیارە لەم دوو رۆژە بگات، بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەش دەکرێت و بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت.

 

سەیف بەدر دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان و رایگەیاندووە: هەموو ئەو جۆرە جیاوازانەی پێکوتە، کە دەگەنە عێراق، ”سەلامەتن و کاریگەرن دژی کۆرۆنا“.

 

تا ئێستا ملیۆنێک و 761 هەزار و 143 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 19 هەزار و 541 کەس گیانیان لەدەست داوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە