پەیامی کورد … حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزیدیان پەیامێکی بڵاو کردەوە
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی ئێزدییان و جەژنی چوارشەممەی سوور پەیامی حکوومەتی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە "کوردستانیانى ئازیز بە گشتى و خوشک و برایانى ئێزدی بەتایبەتى لەم چەند ساڵەى ڕابردوو بە دۆخێکى نەخوازراودا تێپەڕین و بەداخەوە دەستى ڕەشى تیرۆریستانى داعش خوازیارى نەهێشتنى هیوا و خۆشییەکان بوون لە هەرێمەکەمان، بەڵام ئەم هەورە ڕەشە بە سەروەرى و ئازایەتیى هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ڕاماڵدرا و تیشکى هیوا و ژیان گەڕایەوە بۆ هەمووان".
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:-
پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى چوارشەممەی سوور و هاتنى ساڵى نوێى ئێزدی
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان، جەژنی "چارشەمبا سۆر" و سەری ساڵی ئێزدییەکانە، بۆیە پیرۆزباییەکى گەرم لە خوشک و برا ئێزدییەکانى کوردستان و جیهان دەکەین و هیوادارین ساڵێکی پڕ خۆشی و شادییان هەبێت.
کوردستانیانى ئازیز بە گشتى و خوشک و برایانى ئێزدی بەتایبەتى لەم چەند ساڵەى ڕابردوو بە دۆخێکى نەخوازراودا تێپەڕین و بەداخەوە دەستى ڕەشى تیرۆریستانى داعش خوازیارى نەهێشتنى هیوا و خۆشییەکان بوون لە هەرێمەکەمان، بەڵام ئەم هەورە ڕەشە بە سەروەرى و ئازایەتیى هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ڕاماڵدرا و تیشکى هیوا و ژیان گەڕایەوە بۆ هەمووان.
لەم چوارشەممە پیرۆزەدا پڕ بەدڵ نزا بۆ بەختەوەرى و سەلامەتى ئێزیدییەکان و ئەو کچە بێتاوانانە دەکەین کە بوونە قوربانى دەستى ڕەشى تیرۆریستان و ئاواتەخوازین هەموویان بگەڕێنەوە نێو خانەوادە و زێد و لالشى سەربەرز.
سەربارى هەموو ئەمانە، پەتاى کۆڕۆناش ژیانى هەموو دونیاى سست کردووە، بۆیە لەسەرمانە لە هەر قەرەباڵغى و جەژن و مەراسیمێکدا پابەندى ڕێنماییە تەندرووستییەکان بین تا لەم ڕێگەیەوە بتوانین بەردەوام لەگەڵ خۆشەویستانمان بین.
دووبارە بەخێر بێت سەرى ساڵى نوێى ئێزدی و تۆشەى لاوانیش پڕ لە چەپکى گوڵى جوانى بەهارى بێت بۆ بەردەم پەرەستگەکانى لالش.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٣ی نیسانی ٢٠٢١
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە