تازەترین

نێچیرڤان بارزانى، پەیامێک ئاراستەی لایەنەکان دەکات

نێچیرڤان بارزانى، پەیامێک ئاراستەی لایەنەکان دەکات

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم، وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى پارتى په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و داوا له‌ لایه‌نه‌كان کردووە، ناكۆكییه‌كان وه‌لا بنێن و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كوردستان ئاماده‌ى دانیشتن بن، تا كارنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش دابنێن.

 ئه‌مه‌ش ده‌قى په‌یامه‌كه‌یە..


جەماوەری خۆشه‌ویست و تێكۆشەری پارتى،
 
ئەم سەركەوتنە سه‌ره‌تا له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، ئینجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕاى گه‌لى كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگریی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا.
 
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەكتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئه‌نجوومه‌نه‌كانى سه‌ركردایه‌تیى پارتى له‌ پارێزگاكان، مەكتەبەكانی پارتی، ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رى و پیشه‌ییه‌كان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتیی كەمپینەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد لە پارێزگاكاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكه‌كەكان، ئەوپەڕی چالاكییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. كار و خەباتی هەموویان و ئەرككێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینه‌. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاكیی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەكان و شێوازەكانی تازەی كاركردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی و كاركردن و هەوڵ و ماندووبوونیان، جێگەی ڕێزی بەردەوامى سەركردایەتیی پارتین.
 
سوپاسى ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌شدارییه‌كى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئاستى عێراق تۆمار كرد و مافى دیموكراسیانه‌ى خۆیان به‌كار هێنا، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو داموده‌زگا حكوومییه په‌یوه‌نداره‌‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ له به‌ڕێوه‌چوونى ئارام و سه‌ركه‌وتووانه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا، ڕۆڵێكى گه‌وره‌یان گێڕا. 
 
لەو باوەڕەداین كە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەكان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەركەوتنە تازەیە، كارێكی زۆرتر دەكەن بۆ سەركەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانیی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كوردستانه‌وه‌، هەمیشە وزەیەكی نوێی خەباتكردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.
 
نوێنەرە سەركەوتووەكانی پارتی وەك هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەكانی شەهیدان و ئامانجەكانمان و بەرگریكاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا.
 
كوردستانیانی خۆشەویست،
 
هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێكی زۆر و كارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەكی كەم لە شكستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەكانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان، توانی بە ئارامییەكی زۆره‌وه‌، سەركەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزیی هەستی نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە.
ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینكردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی كارنامەیەكی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەكی بەهێزی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و كارێكی هاوبەش.
 
گەلی خۆشەویستی عێراق،
 
پیرۆزباییی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەكەم، هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەیەكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.
 
ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شه‌راكه‌ت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
 
19/5/2018

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە