وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا: ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا کراوەتە ئامانج

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا: ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا کراوەتە ئامانج

پەیامی کورد... وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا: ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا کراوەتە ئامانج

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دەڵێت، بە چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا، دامەزراوەکانی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەخانە سەربازییەکان و فڕۆکەوانیی سوپای ئۆکراینا کراوەتە ئامانج.

وەزارەتەکە دووپاتیشیکردەوە، هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا هیچ هێرشێکی مووشەکی یان ئاسمانی یان بۆمبهاوێژ بۆسەر شارەکانی ئۆکراینا ئەنجام نادات، بەڵکوو «ژێرخانی سەربازی و دامەزراوەکانی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەخانە سەربازییەکان و فڕۆکەوانیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لە کار دەخرێن بە چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو».

جەختیش دەکاتەوە، هیچ شتێک نییە هەڕەشە بێت بۆسەر دانیشتووانی مەدەنی.

دوابەدوای ئەگەر و هۆشدارییەکانی ڕابردوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەی بۆسەر هەرێمی دۆنبازی خۆرهەڵاتی ئۆکراینا ڕاگەیاند و هەڕەشەی ئەوەشیکرد هەر وڵاتێک دەستوەردان لە هێرشەکەدا بکات «باجی وا دەدات هەرگیز نەیبینیبێت».

سەرۆکی ڕووسیا جەختیشی کردەوە، بەرپرسیاریەتی خوێنڕشتن دەکەوێتە ئەستۆی ئۆکراینا و ئۆپەراسیۆنەکەشی لە وەڵامی ئەو هەڕەشانە ڕاگەیاند کە لە ئۆکرایناوە دێن.

پووتین هەر لە وتارەکەیدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ڕووسیا تۆمەتباکرد کە داوایدەکرد نابێت ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە ناتۆ و گەرەنتی هەڕەشە ئەمنییەکانی مۆسکۆ بکات.

سەرۆکی ڕووسیا تەئکیدی لەوەشکردەوە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی وڵاتەکەی بۆ ئەوەیە دڵنیا ببنەوە کە ئۆکراینا لە چەک دادەماڵن.

پووتین داواشی لەو هاووڵاتییە ئۆکراینییانە کرد کە چەکیان هەڵگرتووە دەتوانن لە ڕێوشوێنی سەلامەتدا ناوچەکانی جەنگ بەجێهێڵن.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە