پەیامی کورد... دیالە.. پەلامارێكی چەكداری، هەشت كوژراوی لێكەوتەوە
لە ئاكامی پەلامارێكی چەكداری و تەقینەوەیەكدا لە رۆژھەڵاتی عێراق، ھەشت كەس كوژران و دوو دیكەیش برینداربوون.
موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاندووە كە لە رووداوێكی تاوانكارییدا لە قەزای میقدادییە (شارەبان) باكووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دیالە، ھەشت كەس كوژران و دوو دیكەیش برینداربوون و زانیاری و وردەكاریی زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
ھەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە كە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو پەلاماری ماڵی سەرۆكھۆزێكیان داوە لە ناوچەی شاخە سەربە گوندی ھوزەینە باشووری قەزای میقدادییە.
بە وتەی سەرچاوەكە دوای پەلامارەكە، بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی پارێزەرێكدا لە ناوچەكە تەقیوەتەوە كە لە ئاكامی پەلامارەكاندا، ھەشت كەس كوژراون و سێ دیكەیش برینداربوون.
باسی لەوەش كردووە كە ھێزێكی زۆری ئەمنی لە ناوچەكە بڵاوكراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستی پێ كردووە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە بەپێی لێكۆڵینەوە بەراییەكان پەلامارەكان، ھێرشی تیرۆریستی بوون.
ئەو ناوچەیەی كە پەلامارە چەكدارییەكە و تەقینەوەكە تیایدا روویداوە، دانیشتوانەكەی سوننە مەزھەبن و ناوچەكەیش دەكەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق كە بە ناوچەی كێشە لەسەری نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی دەست نیشان كراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە