پەیامی کورد... ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکراینا داوای ڕاگەیاندنی باری لەناکاو دەکات
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکراینا ڕەزامەندیدا بۆ ڕاگەیاندنی باری لەناکاو لە وڵاتەکەدا، بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
ئۆلێکسی دانیلۆڤ وەزیری ئاسایش و بەرگریی نیشتمانیی ئۆکراینا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە داوای کرد پەرلەمانی ئۆکراینا لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڕیارەکە پەسەند بکات.
لە ئەگەری ڕاگەیاندنی باری لەناکاو ماوەکەی 30 ڕۆژ دەبێت و دەکرێت دواتر بۆ ماوەی 60 ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە.
سوپای ئۆکراینی ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاریدا بە هاتنەوە سەرکاری سەربازە یەدەگەکانی وڵاتەکەی، دوای ئەوەی ڕووسیا هەنگاوەکانی بۆ هاوکاریکردنی ناوچە جیابووەوەکانی ئۆکراینا دەستپێکرد.
لەو بارەییەوە هێزی وشکانی ئۆکراینا ئاشکرایکرد، «داواکارییەکە ئەو سەربازانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 60 ساڵدایە و کەمترین ماوەی خزمەتیش یەک ساڵە.
ئۆکرانیا 200 هەزار سەربازی یەدەگی هەیە جگە لە 250 هەزار سەربازی هێزە ئەمنییە ڕێکخراوەکان.
هەر ئەمڕۆ حکومەتی ئۆکراینا داوای لە هاووڵاتییەکانی کردووە بە زووترین کات ڕووسیا بەجێهێڵن، کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆکراینا نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتیی ئۆکراینی لە ڕووسیا دەژین.
لە لایەکی دیکەوە دوێنێ سێشەممە ڕووسیا بڕیاری گواستنەوەی دیپلۆماتەکانی لە ئۆکراینا ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئۆکراینا ئەرکەکانی لە پاراستنی ئەو دیپلۆماتە ڕووسیانە جێبەجێ ناکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە