مەسروور بارزانی : ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراق بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان دەست پێبکات

مەسروور بارزانی : ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراق بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان دەست پێبکات
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراق بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان دەست پێبکات

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی : 

سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ کرد و نوێنەرەکانیان هەڵبژارد، هەروەها سوپاسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی  ئاسایش و سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەست خۆشی لە هەموو بریکار و چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی دەکەم بۆ هاوکاری و چاودێریکردنی پرۆسەکە.

هیوادارم بە ئەمانەتەوە، ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراق بکەن .   

ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەست پێ بکات و ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان . 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە