پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/4/12 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، تیشکی خستە سەر دایەلۆگی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق و ئاماژەی بەوەدا، کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
باڵیۆزی ئەمەریکا ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی هەوڵ و پشتیوانی باڵیۆزی ئەمریکای کرد لە پەسەندکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپات کردەوە و داواشی کرد حکوومەتی فیدراڵی، ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسای بوودجەدا جێبەجێ بکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە