پەیامی کورد... دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران بە تۆمەتی سیخوڕی کردن دەستگیرکراون
دەستەی پەخشی بەریتانی (بی بی سی) ئاشکرای کرد، حکومەتی ئێران دەیان فەرماندەی سوپای پاسدارانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و تێوەگلان لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەی دەستگیرکردووە.
دامەزراوە میدیایەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەو فەرماندانە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی کە لە کۆتایی ساڵی 2020دا تیرۆر کرا.
لە وردەکاریی دۆسیەکەدا هاتووە، مەحموود عەلەوی وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئێران، پێشوەختە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە بوونی پلانێک بۆ تیرۆرکردنی فەخری زادە، تەنانەت کات و شوێنەکەشی بەر لە دوو مانگ لە جێبەجێکردنی تیرۆرکردنەکە دەستنیشان کردبوو.
بی بی سی دەڵێت، عەلەوی ئەوکات پێیی وا بووە کە پلانداڕێژەرانی تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکە، سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئێرانن و بە دیاریکراووی لە سوپای پاسدارانن.
ئەندازیاری سەرەکیی پلانی تیرۆرکردنەکە، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران بووە، چونکە بەرزیی پۆستەکەی دەسەڵاتی ئەوەی پێدا و هۆشدارییەکەی وەزیری پێشووی هەواڵگریی پشتگوێ بخات و پلانی تیرۆرکردنەکە لە کات و شوێنی خۆیدا جێبەجێ بکات، وەک بی بی سی باسی کردووە.
دامەزراوەکە لە زاری چەندین سەرچاوەی ناو بەشی ئەمنیی گرتووخانەی ئیڤین لە تاران بڵاوی کردووەتەوە، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە گرتووخانەکەدا دەستبەسەرکراون، بەڵام حکومەتی ئێران ناو و پلەکانیان ئاشکرا نا کات بۆ ئەوەی ناوبانگی سوپای پاسداران لەکەدار نەبێت.
لە تشرینی دووەمی 2020دا موحسین فەخری زادە کە زانایەکی ئەتۆمیی ئێران بوو، لە ناوچەی دەماوەندی ڕۆژهەڵاتی تاران بە فیشەک کوژرا، ئێران ئۆباڵی کارەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل دانی بە ئەنجامدانیدا نەنا و ڕەتیشی نەکردەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە