ڕاگەێندراوێک لە شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت

ڕاگەێندراوێک لە شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت

PeyamaKurd - ڕاگەێندراوێک لە شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت

شاندی دانووستانکاری ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەێندراوێک دا ووردەکاری ڕێککەوتنەیەکەیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئاشکرا کرد و دەڵێت، ھەردوولا ڕێککەوتین لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشی یە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ھەناردەکردنی نەوت.

دەقی ڕاگەیاندراوی شاندی دانووستانکاری ھەرێمی کوردستان.

سێشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی ھەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەست پێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووری و لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی ھەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکار و ھەنگاوێک کە ببێتە ھۆی زیادکردنی داھاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە ھەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابین کردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، ھاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی ھەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی ھەرێم – جەیھان.

بۆ ئەم مەبەستە، ھەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی ھاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم پێک بھێنن، بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەست پێکردنی ھەناردەکردنی نەوت لە سبەینێ وە بۆ بازاڕە جیھانییەکان لە ڕێگەی بۆری ھەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.

ھەروەھا، ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشی یە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ھەناردەکردنی نەوت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری ھەر ڕێکارێکی پێویست بۆ ھاوبەشی و پشتیوانی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە دارایی یەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابین کردنی داھاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابین کردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

 

شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

١٧ـی ئازاری ٢٠٢٦