بڕیارە چوار شاند لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن

بڕیارە چوار شاند لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن

پەیامی کورد  ...   رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، شاندێكی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و بڕیارە دوای ئەو شاندەش، سێ شاندی دیكەی جیاواز سەردانی بەغدا بكەن، كە سەرجەمیان پەیوەستن بە پرسی ئابووری و بازرگانی و نەوتەوە.

بڕیارە لەم مانگەدا چوار شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن، ئەوانیش شاندی بازرگانی و ئابووری و شاندی وەبەرهێنان و باج و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازن.

عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ووتی: "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، شاندێكی باڵای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەچێتە بەغدا، كە ئامانجی چوونی شاندەكەش بۆ پرسی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و پرسی ڕێگری و پێشكەوتنی ئەو بوارە و پلان و بەرنامەی داهاتوو دەبێت، بە تایبەت كە لە ئێستادا پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێم و عێراقدا دروست بووە".

ناوەندەیی ئەوەشی خستە روو، سەردانی شاندەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە، كە سەبارەت بە رێگەپێدان و هاوردەكردن لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەن.

، بڕیارە لە دوو هەفتە دوای ئەوە، شاندێكی وەبەرهێنەرانی هەرێم بە هەمان شێوە سەردانی بەغدا بكەن.

لەم بارەیەوە، ئەحمەد رێكانی، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەرانی كوردستان گوتی: "نووسراوێكمان بۆ بەغدا ناردووە سەبارەت بە چوونی شاندێكی ئێمە بۆ بەغدا و چاوەڕوانی وەڵامین، بۆ ئەوەی ئەو شاندە بچێتە بەغدا و لەوێش پرسی وەبەرهێنەران لە نێوان هەردوولادا باس بكرێت".

 بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا شاندێكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج سەردانی بەغدا بكات، لەو بارەیەشەوە، عەبدولقادر عەبدوڵڵا، جێگری بەرێوەبەری گشتی گومرگ، ڕایگەیاند : "بەرنامەیەك هەیە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج ئەم مانگە سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام هێشتا ناوەڕۆكی سەردانەكە دیار نییە".

هاوكات شاندی چوارەمیش كە بڕیارە لەم مانگەدا بڕوات، شاندی باڵای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانە، كە بڕیار وایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا گفتوگۆ بكەن.

كاروان سورچی، ووتەبێژی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ، رایگەیاند: "هەبوونی پەیوەندیی باش لە نێوان هەولێر و بەغدادا، وادەكات ئابووریی كوردستان گەشەی زیاتر بكات، لە ماوەی رابردوودا دووركەوتنەوەی هەولێر و بەغدا بۆشاییەكی ئابووری لە كوردستان درووست كرد، بۆیە نزیكبوونەوەی هەردوولا وادەكات رەوشی ئابووری باشتر دەبێت و كاریگەریی باشیشی دەبێت، لەبەر ئەوە چوونی ئەو چوار شاندە زۆر گرنگە، تا بازرگانی و ئابووری كوردستان گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و داهاتی خەڵكی كوردستان بەرز ببێتەوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە