ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی بۆ کۆنفرانسی کوێت داوەت کراوە

ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی بۆ کۆنفرانسی کوێت داوەت کراوە

 ھەرێمی کوردستان داوەتنامەیەکی فەرمیی پێ گەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت، کە بڕیارە هەفتەی داھاتوو بە بەشداریی 70 وڵات دەست پێ بکات.

بڕیارە هەفتەی داھاتوو ڕۆژی 12 تا 14ی ئەم مانگە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە دوای پاککردنەوەی لە شەڕی داعش لە کوێت بەرێوە بچێت بە بەشداریی 70 وڵاتی جیھان و لەو کۆنفرانسەدا کۆمەک و ھاوکاری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان بە ھۆی شەڕی داعش پێ گەیشتووە، ئاوەدان بکرێنەوە.

لەمبارەیەوە، ھەمزە حامید بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیاند" داوەتنامەیەکی فەرمی لە لایەن وڵاتی کوێت بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ ئەوەی ھەرسێ پارێزگاری ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و وەزیری پلاندانان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێم و ھەندێک شارەزا لە وەزارەتی پلاندانان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت بکەن، کە بڕیارە هەفتەی داھاتوو بەڕێوە بچێت."

ھەمزە حامید گوتیشى" سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات شاندەکەی ھەرێم بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، یان نا، بەڵام داوەتنامەکە بە فەرمی بە ئێمە گەیشتووە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە