رێككەوتننامەی 11 ئادار بە دستكەوتێكی بێ وێنە لە مێژووی سیاسیی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد بە رێبەرایەتی مستەفا بارزانی ئەژمار دەكرێت
سبەی (11-3-2018) 48 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970ی نێوان رێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی و حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆمار تێپەڕی.
48ساڵ بەر لە ئیستا لە ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار لە مێژوەكەیدا دەوڵەتی ئەوسای عێراق بە فەرمی دانی بە مافەكانی كورد نا و بڕیاریدا ئۆتۆنۆمی بە كورد بدات، كە خواستێكی سەرەكی شۆڕشی ئەیلول و سەركردایەتییەكەی بوو.
رێككەوتننامەی 11 ئادار بە دستكەوتێكی بێ وێنە لە مێژووی سیاسیی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد بە رێبەرایەتی مستەفا بارزانی ئەژمار دەكرێت، بەتایبەتی دانپێدانی فەرمی دەوڵەتی عێراق بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان لە سەدەی بیستەمدا لە لایەكەوە بە خاڵە وەچەرخانیكی گرنگ لە تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ پرسی كورد و مافە رەواكانی ئەژمار دەكرێت و لە لایەكی ترەوە بۆ یەكەمجار لە میژووەكەیدا كورد بە فەرمی دەبووە خاوەن حكومەتێكی یاسایی و دەستووری.
لە رێكەوتننامەكەدا، بە پێی سەرژمێری ناوچە كوردییەكان دیاری دەكران و ئۆتۆنۆمی ئەو ناوچانە دەگرتەوە كە زۆرینەی خەڵكەكەی كوردن و لەگەڵ ئەوشدا دەبووە ھاوبەشێكی راستەقینە لە حوكمڕانیی عێراق.
ئەم رێككەوتنە ئەنجامی خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و چەكدارای گەلی كورد لە چوارچێوەی گەورەترین شۆڕەشەكەی بوو، بە تایبەتی پاش ئەوەی حزبی بەعس لە 17 تەموزی 1968 لە رێگەی كودەتایەكی سەربازی دەسەڵاتی گرتە دەست و لەشكركێشییەكانی بۆ سەر كوردستان و شۆرشەكەی توندتر كرد، كە چەند ساڵ پێشتر دەستیپێكردبوو.
بەڵام دوای چەندین شكست لە ساڵانی 1968 ـ 1969 پەنای بۆ دانوستانی ھێنا و مستەفا بارزانی كە باوەری بە چارەسەری ئاشتیانە و دانوستان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھەبوو، چەندین دانوستانی نێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لێكەوتەوە و سهدام حوسێن جێگرى سهرۆك كۆمارى ئهوكاتى عێراق چهند جارێك سهردانى سهركردایهتى شۆڕشى كرد و دواتر رێكەوتننامەی 11 ئاداری لێكەوتەوە و بەیاننامەی ھاوبەش له كۆبوونهوهیهكى جهماوهرى راگەیەنرا و لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنیش بڵاوكرایەوە.
سیاسەتمەدار و مێژوونووسانی کورد باس لە رێککەوتننامەی 11ی ئادار دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، گرنگی ئەو رێککەوتننامەیە ئەوە بوو، کە بۆ یەکەمجار داننرا بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد.

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە