بەپەلە ... مووشەکەکانی ئێران لە سڵیمانییەوە ئاراستەی حزبی دیموکرات کراون

بەپەلە ... مووشەکەکانی ئێران لە سڵیمانییەوە ئاراستەی حزبی دیموکرات کراون

 تیمێکی ئەمریکی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو مووشەکانە کرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاراستەی هەردوو باڵی دیموکرات لە کۆیە کران، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی کە زانیارییە بڵاوکراوەکانی سوپای پاسداران و دەزگاکانی دیکەی ئێران لەبارەی شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانەوە ناڕاستن.

بەپێی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەست کەوتوون ، پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨، ئێران هێرشی کردە سەر هەردوو باڵی دیموکرات لە شاری کۆیە و لە ئەنجامی بۆردومانەکەشیدا ١٧ شەهید و زیاتر لە ٤٠ برینداری لێ کەوتەوە، تیمێکی ئەمریکی سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کردووە ، تاوەکوو لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هێرشەکە و جۆری مووشەکەکان و سەنتەری هەڵدانیان بکەن.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئەو تیمە ئەمریکییە بەو باوەڕە گەیشتوون کە ئەو زانیارییانەی ئێران لەبارەی شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانەوە بڵاوی کردوونەتەوە، ڕاست نین و بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەیان بووە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکوو چاوی گومانی زیاتری لێ دوور بخاتەوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی لە نێو خەڵکی کوردستاندا هاوکاریکردنی ئێران لەو هێرشە بە تاوان و خیانەتێکی گەورە دەزاندرێت. تەنانەت ئەو مووشەکانەی کە ئێران ڕایگەیاندووە گوایە مووشەکی جۆری (زەمین زەمین)ە، بە هەمان شێوە ناڕاستە و ئەمریکییەکان گوتوویانە کە ئەگەر ئەو مووشەکانە بەکار هێندرابان، شوێنەواری گەورەتری لێ دەکەوتەوە.

هەمان تیمی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە مووشەکەکانی ئێران لە دووری ٢٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر لە بارەگاکانی دیموکراتەوە هەڵدراون، هەروەک چۆن پێشتر بڵاو کرابووەوە کە سوود لەو سەکۆیە مووشەکییە وەرگیراوە کە ئێران لە پارێزگای سلێمانیدا هەیەتی.

هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە ئەو تیمە ئەمریکییە بۆیان دەرکەوتووە، تەنانەت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە کاتی هێرشەکەدا بە ئاسمانی کۆیەدا سووڕاونەتەوە و لە نزیکەوە بە ڤیدیۆ شوێنە بۆردومانەکراوەکانیان تۆمار کردووە، لە سنووری پارێزگای کەرکووکەوە کۆنتڕۆڵ و ئاراستە کراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە