پەیامی کورد ... بەمەبەستی پاكڕاگرتن و بنبڕكردنی باكتریا و ڤیرووس تیمەكانی بەگری شارستانی هەولێر گەڕەكە میللییەكانی هەولێر دەڕشێنن و وتەبێژی بەرگری شارستانیش دەڵێت هەڵمەتەكە هەموو هەولێر دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ ۲۳/۳/۲۰۲۰ بەرگری شارستانی هەولێر لە ڕێگەی تیمی سەرجەم بنكەكانییەوە هەڵمەتی ڕشاندنی شاری هەولێری دەست پێكرد.
ڕائید سەركەوت كاڕەش ووتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆدەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی: دوای ئەوەی فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری هەولێرمان بە ماددەی دژە ڤیرووس ڕشاند، ئەمڕۆ تیمەكانی ئێمە دەست دەكەن بە ڕشاندنی ناوشاری هەولێر و وەك یەكەم هەنگاویش لە گەڕەكە میللیەكانی سێتاقان و سەیداوە دەستمان پێكرد و تا تەواوی شاری هەولێر دەڕشێنین بەردەوام دەبین.
وتیشی، ئێمە فەرمانی پارێزگا جێبەجی دەكەین بە ڕشاندنی هەر شوێنێك كە پێویست بێ. بۆیە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.
وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕەتیكردەوە كە فرۆكە بەكارهێنرابێ بۆ ڕشاندنی ناوشاری هەولێرو.
لەبارەی ڕشاندنی كۆمەڵگەی سێبیران كە ئێستا تەواوی هاووڵاتیان لەوێ كەرەنتین كراون سەركەوت كاڕەش وتی: ئێستا تیمە پزیشكییەكان لەو كۆمەڵگەیەن بۆ پشكنینی هاووڵاتیان، هەركات داوابكرێت ئێمە بچین بۆ پاككردنەوەی كۆمەڵگەكە ئێمە ئامادەین.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە تیمەكانی شارەوانی و بەرگری شارستانی چەندان هەڵمەتی ڕشاندنی ناوشاری هەولێر و بازاڕەكانیان ئەنجامداوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە