پەیامی کورد... سعوودیە: ''رێککەوتن لەگەڵ ئێران بەواتای چارەسەرکردنی هەموو بابەتەکان نایەت''
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو رێککەوتنەی دەکرێت بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران بە واتای ئەوە نایەت هەموو بابەتەکان چارەسەر کراون.
لەمبارەیەوەو لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، فەیسەل بن فەرحان رایگەیاند: ''ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێران کراوە، نیشانەی خواستی هاوبەشە بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکان بە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەت''.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئامادەکارییان کردووە لە ماوەی دوو مانگدا، سەرلەنوێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران دەست پێ بکەنەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا سەردانی بەرامبەری ئەنجام دەدەن.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، باسی لە رۆڵی چین کرد لەو رێککەوتنی لەنێوان وڵاتەکەی و ئێران کراوە و وتی: ''لەگەڵ پەکین و تاران بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لەبارەی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە ناوچەکەدا''.
جێی باسە دوای حەوت ساڵ ئێران و سعوودیە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەنێوانیاندا روویدا لە دوای حەوت ساڵ، ئێران و سعوودیە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان.
ئەو رێککەوتنەی هەردوو وڵات پێیگەیشتن لە ١٠ی ئاداردا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئێران، سعوودیە و چین راگەیەندرا.
- پەیوەندییەکانی ئێران-سعوودیە سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦دا، ٤٧ کەسی بەتۆمەتی تیرۆر کە پیاوی ئایینی شیعە، نەمر ئەلنەمر-یش لەنێویاندابوو لەسێدارەدا.
لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی چەند بەرپرسێکی ئێرانی لە بەرامبەر لەسێدارەدانەکان خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتابوویە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد و ئاگریان لە باڵەخانەکان بەردابوو.
بەھۆی قەیرانی یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێ کرد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەتەواوەتی بچڕا.
بەرپرسانی ئێران وسعوودیە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ بە نێوەندگیریی عێراق چەندین جار لە بەغدا کۆبوونەوە.
تەلەڤیزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئێران و سعوودیە لە شەشی ئاداردا بە نێوەندگیری بەرپرسانی چین لە پەکین دەستیان بە دانوستان کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز و گەیشتنە رێککەوتن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە