محەمەد زەیمار هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئەڵمانییە و بە ڕەچەڵەک خەڵکى سوریایە و یەکێک لە ئەندامانى گروپى پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکەى ١١ى سپتەمبەری ٢٠٠١، لە دەستى شەڕڤانانی یەپەگەدایە.
محەمەد حیدەر زەیمار ماوەیەکى زۆرە لە میدیاکان و ڕای گشتیى ئەڵمانیادا قسەى لەسەر دەکرێت. ئاماژ بەوەدەکرێت، زەیمار یەکێک بووە لە ئەندامانى گروپى پلاناندان بۆ ئەنجامدانى هێرشەکەى ١١ى سپتەمبەری ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمریکا. زەیما هاوڕێیەکى نزیکى محەمەد عەتا، پلانداڕێژەرى سەرەکى هێرشەکەى ١١ى سپتەمبەر بوو.
زەیمار و محەمەد عەتا ئەندامی یەکەى قاعیدە بوون لە شارى هامبورگى ئەڵمانیا. زەیمار لە دواى هێرشەکانى ١١ى سپتەمبەر لە ئەڵمانیا ڕایکرد. دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیا دواى ماوەیەکى کورت لە شاری فاس لە ووڵاتى مەغریب دۆزییەوە و بە هاوکاریى دەزگاى هەوالگریى ئەمریکا دەستگیریان کرد.
زەیمار هاوکات هاووڵاتیى سوریاش بوو. لەبەر ئەوە لە ساڵى ٢٠٠٢دا ڕادەستى دەوڵەتى سوریا کرا و تاوەکو ساڵى ٢٠١٣ لە زینداندا بوو. دواى ئەوەى کە بەردرا چووە ڕیزى چەتەکانى داعشەوە. وێنەکانى پێشووى زەیماری چەتە لە ناو چەتەکانی قاعیدە و وێنەکانى زەیماری چەتە لە ناو چەتەکانى داعش لە بەردەم ئاڵاى داعشدا لە ئینتەرنێت بڵاوکرابوویەوە.
ڕۆژنامەکان بڵاویان کردووەتەوە، زەیمار لە زیندانێکى باکووری سوریادایە. ئاماژەیان بەوەکردووە، سیاستمەدارانی ئەڵمانیا بەوە دڵخۆش نین، کە ئەو ئەندامانەى داعش لەلایەن یەپەگەوە دەستگیرکراون. ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا کەس نازانێت بارودۆخى زەیمار چۆنە، یان چۆن دەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە