پەیامی کورد … یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکانی کەربەلا لە پێش ماڵەکەی خۆی کوژرا
سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چالاکوانێکی مەدەنی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەربەلا كوژرا.
میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانی کەربەلاوە بڵاویانکردەوە، ئیهاب جەواد محەمەد چالاکوانی مەدەنی و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی کەربەلا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە کوژراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو کەسە ماتۆڕسکیلیان پێبووە و تاوانەكەیان بە دەمانچە ئەنجامداوە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شارەکانی عێراق دژی حکومەت و گەندەڵی و بێکاری و خراپیی گوزەرانی خەڵک دەستیپێکرد، توندوتیژی كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر بوونە قوربانی، فشارەكان بوونە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق.
لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانیشەوە بەردەوام چالاكوانان و ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان بەئامانجدەگیرێن و تیرۆردەكرێن، بەردەوام حكومەتی فیدراڵ بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی تیرۆركردنەكان دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی دیار بۆ هیچ یەكێك لە دۆسیەكانی تیرۆركردنی چالاكوانان بەدینەهاتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە