سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا

 


پەیامی کورد... سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی مەلەکشایی بە ناوی ستار ئەرغەندە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە حاڵێکدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا کە ناوبراو تەنیا بە «عیلمی قازی» (زانستی دادوەر) ئەو سزایەی بە سەردا سەپابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ستار ئەرغەندە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە ستار ئەرغەندە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دانی بەوەدا نەنابوو کە کەسێکی کوشتووە و هیچ بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت ناوبراو بکوژ بووە لە بەر دەست نەبووە و تەنیا بە پێی «زانستی دادوەر» سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ٤٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە