پەیامی کورد... وەزیری بەرگری ئۆکرانیا: هێرشە پێچەوانەکانمان سەرکەوتوو بوون
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لەمساڵدا بارودۆخی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ روسیادا بەشێوەیەکی بنچینەیی دەگۆڕێت. دەشڵێت، "هێرشە پێچەوانەکانمان سەرکەوتوو بوون."
ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆلێکسی ریزنیکۆف وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا جیهانییەکان باسی لەوەکرد، هەرچەندە سوپای روسیا بەچڕی بەرگری دەکات و رێگای سوپای ئۆکرانیا مینڕێژ دەکات، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێرشانەی ئێستا دەیکەن هێرشی بچوکی پێچەوانەن و چاوەڕێی کاتی گونجاون بۆ دەستکردن بە هێرشە گەورەکانیان.
هاوکات، ئەلێکساندەر سیرسکی سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بەرەو باخموت دەڕوات و لە بەرەی رۆژهەڵات زیانی زۆری ماددی و گیانیان بە سوپای روسیا گەیاندووە.
باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت پشێوییەکانی نێو روسیا و سوپای روسیا بقۆزنەوە و بەرەو باخموت پێشڕەوی بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ڤاگنەر کە سەر بە سوپای روسیا بوون یاخی بوون و هەوڵیاندا بچنە نێو مۆسکۆ، بەڵام دواتر بە نێوەندگیری بێلاڕوسیا کشانەوە و روسیاش تۆمەتی ناپاکیکردنی لەسەر هەڵگرتن.
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە