پەیامی کورد ... کوێت/ هیچ ژنێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلمان دەنگی نەهێناوە، ٥٢٪ی حەشیمەتی ئەو وڵاتە ژنن
رۆژی یەكشەممە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوێت دەركەوت و ٢٨ خانمە كاندید نەیانتوانی هیچیان دەنگی پێویست بۆ بونە پەرلەمانتار بەدەستبهێنن.
٢٨ خانم خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوێت كاندیدكردبو، لەكاتێكدا ٥٢%ی ژمارەی دەنگدەران پێكدەهێنن، بەڵام هیچیان سەركەوتنیان بەدەستنەهێناوە و تەنها پیاوان گەیشتونەتە ئەو دامەزراوەیەی وڵاتەكەیان.
بۆ هەڵبژاردنەكە ٣٢٦ كەس خۆیان كاندیدكردبو بۆئەوەی ٥٠ كورسییەكەی پەرلەمان پڕبكەنەوە، كە پێدەچێت ئۆپۆزسیۆن لە ژمارەی كورسییەكانی پێشوی زیاتر بهێنێت و دەنگەكانیان زیادیكردوە.
كوێت بەوپێیەی ژمارەی دانیشتوانەكەی كەمە، ژمارەی دەنگدەرانی كەمێك لە لە ٥٦٧ هەزار كەس زیاترە، بەڵام ململانێی سیاسیی گەورەی تێدایە و پەرلەمانەكەشی بە یەكێك لە دامەزراوە چالاكەكانی وڵاتەكە دادەنرێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوێت، ١٨یەمینە لە مێژوی وڵاتەكەدا و یەكەمە لە سەردەمی شێخ نەواف ئەلئەحمەد جابر ئەلسوباح، كە لە مانگی ٩ی ئەمساڵەوە بۆتە میری وڵات و شوێنی میری كۆچكردوی گرتوەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە