١٠ـی ئەم مانگە كۆتا رۆژ بوو بۆ پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكان، بەڵام تا ئێستا ھیچ قەوارەیەكی سیاسی لیستی خۆی پێشكەش نەكردووە، بۆیە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری دا وادەكە بۆ پێنج رۆژی دیكە درێژ بكرێتەوە و، ئەم جارەیش دوا وادە دەبێت و درێژ ناكرێتەوە.
سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش ڕایگەیاند، "بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جگە لە كەركووك، كاندیدمان لە ھەموو پارێزگاكان ئامادە كردووە، بۆیە ئەگەر كورد بە لیستێك لە ناوچە كوردستانییەكان بەشداری بكات، ئێمەیش لە كەركووك بەشداری دەكەین، بەڵام گەر بە لیستێك نەبێت، لە كەركووك بەشداری ناكەین".
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر داوای حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ھەموو لایەنە سیاسییەكان دوو جار كۆ بوونەوە بۆ بەشداریكردنی كورد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە لیستێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵام نەگەییشتنە رێككەوتن، ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانیش بەڵێن عەبدوڵڵا راگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ھەوڵەكانمان و پێداگیری دەكەین كە كورد بە لیستێك بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان لە ناوچە كوردستانییەكاندا بكات، لە ئێستایشدا لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كۆ ببنەوە و بگەنە رێككەوتن".
سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران راگەیاند، "ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان، خەریكە لیستی ناوی كاندیدانی خۆمان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواو دەكەین و لە قۆناغی كۆتاییداین، بەڵام كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان پێنج رۆژ ماوەكەی درێژ كردووەتەوە، بۆیە ئێمەیش لە رۆژانی داھاتوودا لیستی خۆمان پێشكەش دەكەین".
گۆران گوتیشی، "لیستی ناوی كاندیدانی ئێمە لە كاندیدی ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، مووسڵ و دیالەیش ھەیە، تەنھا لە كەركووك كاندیدمان دیاری نەكردووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە