پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ و ئامادەکارییەکانی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ تاوتوێکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22/2/2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و جیهان، هەروەها سەردانی فەرەنسا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی فەرەنسا خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران و ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەیان بەوەدا کە لە هەر دوو وڵاتدا، لە ئاستێکی زۆر باڵا، پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا کە ئەمەش نیشانەی پێگەی گرنگ و بەهێز و پێشکەوتنی دیپلوماسیی هەرێمی کوردستانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
هەروەها سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستانی حکوومەتی فیدراڵ لە ڕۆژی 2/19 سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گازی ئیتیحادی، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت .
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لە پێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی و هەروەها تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای نەوت وگازی فیدراڵ.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (ڕێگاوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان) لە لایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە خرایەڕوو کە ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە پاراستنی سەلامەتی پێکهاتەکانی ڕێگاوبانە گشتییەکان و چاککردنەوەیان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەریان و هەروەها دیاریکردنی قەدەغەکراوی ڕێگاوبانە گشتییەکانە.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پڕۆژە یاساکە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕاوسەرنجەکان، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و پاشان پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە