پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی: نابێت بهێڵین شكۆی نەتەوەییمان بشكێت
لە رۆژی ئاڵای كوردستاندا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەكات رێنەدرێت شكۆی نەتەوەییمان بشكێنرێت.
ئەمڕۆ 17-12-2020 لە رێوڕەسمی ئاڵای كوردستاندا، مەسرور بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا وتی "ئاڵای كوردستان هێمای نەتەوەیی و نیشتمانیی هەمومانە، هێمای پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆتە هێمایەك بۆ پێناسەكردنی پێكەوەژیانی گەلان لە كوردستان، بۆتە هێمایەكیش بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی پەنایان هێناوەتە بەر كوردستان، چونكە كوردستان بە خاكی پێكەوەژیان و ئاشتی و ئازادی ناسراوە".
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی "لەسەر هەموومان ئەرك و پێویستە ئەم ئاڵایە بەرزرابگرین و نەهێڵین بە هیچ شێوەیەك شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بە هەر بیانویەك بێت بشكێت".
داواش لە نەوەی داهاتو و گەنجانی كوردستان دەكات بزانن لەپێناو ئاڵای كوردستان و شكۆی نەتەوەییماندا، چی قوربانییەك دراوە. وتیشی "شكۆی نەتەوەییمان نە بە پارە دەكڕدرێت، نە دەفرۆشرێت، چونكە شكۆیەكە بە خوێنی هەزاران هاتوەتەدی".
رۆژی ئاڵای كوردستان، ساڵانە لە 17ی كانوونی یەكەم لە هەرێمی كوردستان وەك بۆنەیەكی نەتەوەیی رێوڕەسمی تایبەت لە دامەزراوە فەرمییەكان و شوێنە گشتییەكان رێكدەخرێن.
لە ساڵی 2009 دا پەرلەمانی كوردستان رۆژی 17ی مانگی 12ی وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە