پەیامی کورد … ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی کۆچبەرانی نایاسایی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا کۆ دەبێتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی کەیسی کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر سنوورەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-11-2021، لەسەر داوای وڵاتانی فەرەنسا، ئیستۆنیا و ئیرلەندا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆ ببێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دوور لە چاوی کامێرای رۆژنامەنووسان بەڕێوە دەچێت، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتوێی قەیرانی ئەو هەزاران کۆچبەرە نایاساییە دەکەن، کە دەیانەوێ لە بێلاڕووسیاوە بپەڕنەوە پۆڵەندا و لەوێش خۆیان بگەیەننە وڵاتانی رۆئاوای ئەوروپا.
پۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووسیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کۆچبەران وەکو چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بهكار درهێنێت، ئەمەش لەڕێی پێشوازیکردنیان و دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ سنووری پۆڵەندا كه زۆربهیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانن.
کۆچبەرە نایاساییەکان کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەوڵ دەدەن لە بێلاڕووسەوە خۆیان بگەیەننە پۆڵەندا، بەڵام هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی پۆڵەندا رێگا نادەن کۆچبەرەکان لە سنوورەکانەوە دزە بکەنە ناو خاکی وڵاتەکەیان.
دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا باس لەوە دەکەن، کە حکوومەتی بێلاڕووس ئاسانکاری بۆ پەڕینەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ ناو خاکی پۆڵەندا، دەکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە