پەیامی کورد ... پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر پرۆسەی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی رژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە".
دەقی پەیامەکە کە دەستی پەیامی کورد گەیشتووە بە شێوەی خوارەوەیە؛
بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی رژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانيی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چاارەنووسیان دیاریکراوە.
لەکاتێکدا کە بە توندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبووڵ ناکات، بەتایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی رەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی رژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین کە رێکاری پێویست بگرێتە بەر، بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا رێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.
سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت و رەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
22-9-2020
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە