پەیامی کورد... داعش لەئەفریقیا لەگەشەسەندن دایە
ماڵپەڕی ئۆراسیای بەریتانی کە تایبەتە بەهەواڵو شیکاریی سیاسی، لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرای دەكات، سەرەڕای شکستی گروپى تیرۆریستی داعش لەعێراقو سوریا، بەڵام هێشتا هەندێک پاشماوەی ماون کە هەوڵی ئەنجامدانی پهلامارى تیرۆریستیی دەدەن، لەکاتێکدا ڕێکخراوەکە ئێستا لەئەفریقا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو گەشەکردنو فراوانبون دەچێت.
ئەوش خراوەتەڕوو: داعش بەشێوەیەکی بەرچاو لەعێراقو سوریا پاشەکشەیکردوەو ئێستا لەشێوەی چەند گروپێکدا کورتبۆتەوە کە بەبەردەوامیی ڕوو لەکەمبوونەوەیە، تەنانەت بەگوێرەی بانگەشەکانی خودی داعش، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی زۆرکەمە.
ڕوونیشكراوەتەوە: ساڵی 2021 ژمارەی هێرشەکانی داعش لەعێراق نزیکەی 50 هێرشی تیرۆریستی بوو لەمانگێکدا، بەڵام ئێستا لەدۆخی داڕمانی کۆتاییدایە، بەوپێیەی لقی عێراقی داعش خۆی بەچانس دەزانێت ئەگەر بتوانێت مانگانە 10 هێرشی ئاست نزم ئەنجامبدات، هەروەک دەستپێنەکردنی هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لەڕەمەزانی ساڵی 2023، ڕۆشنایی دەخاتەسەر ئیفلیجبونی ڕێکخراوەکە لەعێراق.
لەڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوەشكراوە: ساڵی ڕابردوو دوو سەرکردەی باڵای داعش کوژران، کەسیش نییە بزانێت سەرکردەی ئێستای ئەو ڕێکخراوە بەناوی ئەبو حسێن الحسێنی ئەلقوڕەشی کێیەو هیچ زانیارییەک لەسەری نییەو گومانێکی زۆر لەبارەیەوە هەیه یان ڕەنگە کەسایەتییەکی خەیاڵی بێت کە بەهیچ شێوەیەک بونی نەبێت.
ڕاشیدەگەیەنێت: ئۆپەراسیۆنەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو لەعێراق بۆتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی دیکەی کەسایەتییە دیارەکانی ناو داعش، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ئێستا داعش تەنها نزیکەی 400 چەکداری لەچوار پارێزگای عێراقدا هەیە، لەگەڵ دابڕانی جوگرافییەکەی وایکردوە ڕاکێشانی خەڵکانی تازە بۆ ڕیزەکانی مەحاڵتر بێت.
باس لەوەش كراوە: ئەم هەرەسهێنانەی داعش لەعێراقو سوریا هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنێکی بەرچاوی ڕێکخراوەکە لەسەرتاسەری ناوچەکانی ئەفریقیا لەباشوری بیابانی گەورە، بەشێوەیەک لەساڵی 2018 لەسەدا 80 چالاکییەکانی داعش لەعێراقو سوریا بوە، بەڵام ئێستا نیوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی لەکیشوەری ئەفریقیایە.
لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەشهاتووە: ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وەک گژوگیا وان، هەر کە لەشوێنێکەوە ڕەگیان هەڵدەبڕدێت لەشوێنەکانی دیکە سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە خاڵە لاوازە درێژخایەنەکانی ئاسایشو حکومەت لەسەرتاسەری ناوچەی ساحلی ئەفریقا ڕەنگە ببنە پەناگەیەکی گەرمی نوێ بۆ گروپە تیرۆریستییەکان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە