سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری جیهان کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری جیهان کرد

پەیامی کورد  ...    ئەمڕۆ یەكشەممە 12ـی 5ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان بە سەرۆكایەتی قەداسەتی پاتریارك مار گورگیس سێیەم سڵێوە، پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و، ژمارەیەك لە مەترانەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە وڵاتانی ئەمەریكا و كەنەدا و ئەوڕووپا و ئۆسترالیا و نیوزیلەندا و هێندستان و ئێران و عێراق و سووریا و لوبنان كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و جیهان و هەڕەشەی هزری تووندڕەوی و تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهان و ئاییندەی مرۆڤایەتی ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لەسەر كاركردنی هەموو لایەك بۆ قووڵكردنەوەی برایەتی و مرۆڤسالاری لە ئاستی جیهانی و لە نێوان ئایینەكان كرایەوە.

لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان بەرز نرخێندرا و شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە ڕۆڵی گەورەی لە پاراستنی پێكهاتەكان و پەرەپێدانی برایەتی و پێكەوەژیاندا هەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە