پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبۆنەی 8ی مارسەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پابەندبوونی حكومەتی لە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی یەكسانی كاركردن و بەشدارییان لە بوارە جیاجیاكاندا دووپاتكردەوە.
لە پەیامەكەیدا سەرۆكی حكومەت یادكردنەوەی 8ی مارسی بە رێزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوە وەسفكرد.
مەسروور بارزانی دەشڵێت "ئافرەتانی كوردستان رۆڵێكی كاریگەر و شكۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیركاریی و ستەمی كۆمەڵایەتی خەباتیان كردووە. بۆیە ئێمە تیكۆشانی ئافرەتانی كوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەكانی كوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و مافەكانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەكسانی كاركردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاكاندا دووپات دەكەینەوە".
سەرۆكی حكومەت داوا لە ئافرەتانی هەرێمی كوردستانیش دەكات رۆڵی كارای خۆیان لە بڵاوكردنەوەی هوشیاری تەندروستی و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ روبەڕوبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤیرووسی كۆرۆنا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەكانیان و كەسوكاریان بدەن بۆ پاراستنی پاك وخاوێنی و ژینگە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە