پەیامی کورد ... هێزی پێشمەرگە یەک دەخرێتەوە و خانەنشینی لە سەر وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە وەزارەتەكەیان چەندین لیژنە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی درووست كراون و كاری خۆیان دەكەن، كە گرینگترینیان یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و نەمانی خانەنشینییە لە وەزارەتی پێشمەرگە و گواستنەوەیەتی بۆ سەر وەزارەتی دارایی.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند : "ئەوەی لە پڕۆژەی چاكسازیدا پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەیە، لیژنە درووست كراون و لیژنەكانیش كار دەكەن، كە لیژنەیەكیان بۆ ھێزی پێشمەرگە و یەكەی ٧٠و٨٠و هەندێكی دیكەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كار دەكەن، هەروەها لیژنە ھەیە ئەندامی وەزارەتی دارایی تێدایە و لیژنەی رێكخستنەوەی پێشمەرگەیە و لیژنەی رێكخستنەوەی پاسەوانەكانە و لیژنەی ژمێریارییە لەگەڵ لیژنەی خانەنشینی، كە ھەموو ھێزەكان بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
لیوا قارەمان گوتیشی: "ھەموو خانەنشینانی ھێزی پێشمەرگە بە یەكەكانی ٧٠و٨٠شەوە دەچنەوە سەر وەزارەتی دارایی و تەنھا لە وەزارەتی دارایی مووچە وەردەگرن، بۆیە ئێستا ناویان ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ وەزارەتی دارایی، كە ئەوكات خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت".
دەشڵێ: "پرۆسەكە بەردەوامە و لیژنەكانیش لە كاری خۆیان بەردەوام دەبن تاوەكو كارەكانیان تەواو دەكەن، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەشەوە ھەیە، ھەموو جێبەجێ دەكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە