پەیامی کورد ... حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە شاری هەولێر لە کۆبونەوەدان و لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا گفتوگۆ دەکەن.
رێبوار كەریم، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی رایگەیاند، "بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە، چوونكە بڕیارە رۆژی 15ی تشرینی یەكەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر پرۆژە یاسای بوودجەی 2020ی عێراق دەستپێبكات".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرئەمڕۆ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان عێراق و ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی لەگەڵ رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگرەكەی كۆدەبنەوە.
رێبوار كەریم هەروەها وتیشی، هەردوو كۆبوونەوەكە لەسەر داوای سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەمساڵدا گفتوگۆکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک، بوودجە، پێشمەرگە و ناوچە کێشەلەسەرەکان خستوەتەگەڕ و تا ئێستاش چەند کۆبونەوەیەکیان لەوبارەیەوە ئەنجامداوە.
٢٥ی مانگی تەموزی ئەمساڵ ، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و شاندی باڵای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ووزە کۆبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدۆلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە