وەزارەتی بەرگری بریتانیا: هێزەکانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ دەڕۆن

وەزارەتی بەرگری بریتانیا: هێزەکانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ دەڕۆن

پەیامی کورد... وەزارەتی بەرگری بریتانیا: هێزەکانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ دەڕۆن


وەزارەتی بەرگری بریتانیا ڕایگەیاند، دەوڵەتی ڕوسیا ڕوبەڕوی گەورەترین تەحەدای ئەمنی بوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڤاگنەر دژی هێزەکانی روسیا وەستانەوە و لە ئێستاشدا بەرەو مۆسکۆ دەڕۆن.

وەزارەتی بەرگری بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە چەند کاتژمێری داهاتودا دڵسۆزی هێزە ئەمنییەکانی ڕوسیا و بەتایبەتی پاسەوانی نیشتمانی ڕوسیا بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی ئەم قەیرانە زۆر گرنگ دەبێت، ئەمە گەورەترین تەحەددایە بۆ دەوڵەتی ڕوسیا لەم دواییانەدا".



باسی لەوەشکرد، هێزەکانی ڤاگنەر لە ناوچەکانی ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕوسیادایە، پەڕیونەتەوە بۆ لانیکەم دو شوێنی ڕوسیا و "بە دڵنیاییەوە" شوێنە سەرەکییە ئەمنییەکانی شاری ڕۆستۆڤ ئۆن دۆنیان داگیرکردوە، لەنێویاندا ئەو بارەگایانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەبەن.

وەزارەتی بەرگری بریتانیا دەڵێت، "یەکەکانی ڤاگنەری زیاتر لە ڕێگەی ئۆبلاستی ڤۆرۆنیژەوە بەرەو باکور دەڕۆن، بە دڵنیاییەوە ئامانجیان گەیشتنە بە مۆسکۆ".





یێڤگنی پریگۆژین، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پشتڕاستی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، کە چوەنەتە ناو بارەگای گشتی فەرماندەیی سوپا لە شاری ڕۆستۆڤی ڕوسیا کە ناوەندێکی سەرەکی هێرشی ڕوسیایە بۆ سەر ئۆکرانیا، لەنێویاندا فڕۆکەخانەیەک.

پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت، "ئێمە لە بارەگای گشتیین، شوێنە سەربازییەکانی ڕۆستۆڤ لەژێر کۆنتڕۆڵدان، لەنێویاندا فڕۆکەخانە"، لەکاتێکدا پیاوان بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە پشتەوە دەڕۆیشتن



لایخۆیەوە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا لە وتارێکی ناوازەی تەلەفزیۆنیدا بەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "یاخیبونی چەکداری گروپی ڤاگنەر خیانەتە و هەرکەسێک چەک لە دژی سوپای ڕوسیا هەڵبگرێت سزا دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی ڕوسیا، هەروەها "کردەوەی یەکلاکەرەوە" دەگیرێتەبەر بۆ سەقامگیرکردنی ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن، کە شارێکی باشورە و سەرۆکی گروپی ڤاگنەر ڕایگەیاندوە، هێزەکانی تەواوی دامەزراوە سەربازییەکانی کۆنتڕۆڵکردوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە