پەیامی کورد ... سێ بڕیاری گرینگ لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە دەردەکرێت
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی کارگێڕی خوێندنگاکان ئاگادار بکەنەوە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن مامۆستایان پابەندبن بە تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و تاقیکردنەوەکانیش لە هەمان ئەو وادەیەدا بەڕێوەدەچن کە لەساڵنامەی خوێندندا ئاماژەی پێکراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکدا کە ئاڕاستەی پەروەردەی پارێزگاکانی کردوە باسی لەوەکردوە، پێویستە ئەمساڵ مامۆستایان پابەندبن بە تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و پڕۆگرام کەمناکرێتەوە.
ئەوەش هاتووە، خوێندنی پرۆگرامەکان بەگوێرەی ریزبەندی دەبێت و بەش و بەندەکان نابێت پاش و پێش-یان پێبکرێت، هەروەها تاقیکردنەوەکانی نیوەوەرز، مانگانە و تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لە هەمان ئەو وادەیەدا بەڕێوەدەچن کە لەساڵنامەی خوێندندا ئاماژەی پێکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە سەرەڕای بڕیاری دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کە بڕیاربوو رۆژی ١٠ی ئەم مانگە یەکەم رۆژی دەوام بێت، بەڵام لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین تائێستا مامۆستایان نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن و لەبایکۆتکردن بەردەوام، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و رەتکردنەوەی سیستەمی خوێندنی ئەلیکترۆنی.

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە