پەیامی کورد … پێشوازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میر و بابەشێخی ئێزدییەکان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میر و بابەشێخی ئێزدییان کرد و سەرۆکی حکوومەت پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە خزمەتکردنی زیاتری ئێزدییان دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 2/10/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و بابەشێخ، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس کرد و لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە خزمەتکردنی زیاتری ئێزدییان دووپاتکردەوە، کە وەک هەمیشە پشتیوان و داکۆکیکاری بەهێزی مافەکانیان دەبێت.
هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و ئاوارەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.
لای خۆیەوە میر و بابەشێخی ئێزدییان، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیشیان کرد بۆ رەزامەندیدانی لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان، لەوانە کردنی هەردوو کۆمەڵگەی خانکێ و شاریا بە ناحیە، ئەمەش لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە