راپۆرتێکی ورد لەسەر هەڵەبجە بخوێنەوە

راپۆرتێکی ورد لەسەر هەڵەبجە بخوێنەوە

شاری هەڵەبجە بەدوورى (٩٠) کم دەکەوێتە بەشى رۆژهەڵاتى سلێمانى و لەبەری رۆژهڵاتییەوە لەگەڵ وڵاتى ئیران هاوسنوورە، لە ساڵى (١٨٨٩) کراوەتە قەزا و لە ساڵى (٢٠١٣) کراوەتە پارێزگا، لە (١٦\٣\١٩٨٨) لەلایەن رژێمی بەعسی ئەو کاتەی عێراقەوە بەچەکى کیمیاوى بۆردومانکراو، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتى شەهیدبوون و (١٠) هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و ئەمە وێڕای ئەوە شارەکە وێران بوو.
پاش رزگارکردنى عێراق لەساڵى (٢٠٠٣) و لە سێدارەدانى تاوانبارانى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى (٢٠١٠) کیمیابارانى هەڵەبجە وەک تاوانى جینۆساید ناسێنرا و کرایە دەستەخوشکى شارى هیرۆشیماى یابان، بۆیە ساڵانە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و لەسەرتاسەرى عێراق و بەتایبەت لەهەرێمى کوردستان یادى کیمیابارانى هەڵەبجە بەرزرادەگیرێت، هەر لەرۆژی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبەجەدا لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان چالاکى جۆراوجۆر ئەنجامدەدرت و ماوەی (٥) خولەکیش وەک ماتەمینى جولەو هاتوچۆ دەوستێت. 
سنوورى هەڵەبجە ناوچەیەکى سروشت جوانە و مەڵبەندى هەورەمانە و چەند شوێنێکى گەشتیارى جۆراو جۆر لە خۆدەگرێت، وەک (ئەحمەداوە، گراوى خورمال، مەزارگە ئاینیەکانى تەوێلە و بیارە، مونێمێنتەکانى هەلەبجە، سەیرانگەى چاوگ و گوڵان).
هەڵەبجە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەکێک لەشارە گەورە و گرنگەکانی کوردستانی باشوور دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی ٤٦ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی (٣٥-٣٦) پلەی باکوور و (٨٣)کم باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانیەوە. ڕووبەرەکەی هەزارو (٥٩٩) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەو سەردەمەی کە هەڵەبجە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو (٣٩،٩٪)ی رووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێک دەهێنا. 

هەڵەبجە لەباکووری رۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوەو بەدرێژایی (٧٥) کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. 
دەشتی شارەزوور کە بە یەکێک لە دەشتە بەپیت و ناودارەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری پارێزگای هەڵەبجەی پێکھێناوە. دەشتی شارەزوور بە ڕۆژئاوای شاری ھەڵەبجە دەست پێ دەکات و لە ڕۆژھەڵاتی ناحیەی سورداش کۆتایی دێت، درێژییەکەی نزیکەی (١٠٠)کم دەبێت، ئەم دەشتە بژێوی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکەی پێکھێناوە. 

شاری هەڵەبجە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و جوگرافی لەگەڵ شار و شارۆچکەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەیە، وەکو (نەوسوود، پاوە، باینگان، مەریوان.)
شوێنەوارە بەناوبەنگەکانی ناو شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری پێکدێن لە (باخی میر، قەیسەری حامید بەگ، مزگەوتی پاشا، مزگەوتی جامعە، مەرقەدی پیر محەمەد، کارێزی حاجی ناجی، ئاشتی مەحمودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشک، کانی شێخ، گوڵان، کانی حەمەو غان، کانی سۆفی خدر، کۆڵە بۆز، مۆردانە، کانی نواڵە، کانی زارا).

مێژووی درووست بوونی ھەڵەبجە..
ھەڵەبجەی ئێستا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانیەکاندا درووستکراوە، یەکڕابوونێک لەوەدا ھەیە کە ھەڵەبجە دوای ساڵی (١٧٠٠)ز درووستکراوە، بەگەکانی شیوەکەڵی ئاوەدانیان کردووەتەوە کە حەمەچاوەش و سێ کوڕەکەی پیرۆد، سڵێمان و عەبدوڵڵا بوو، سیانزە ماڵ بوون و هەرئەم ناوەش لەو عەشرەتە دەنرێت. 
عەشیرەتی جاف بەدرووستکەر و بنیاتنەری ھەڵەبجە ناودەبرێن، وردە وردە ئەم شوێنەی ھەڵەبجە بەھۆی ناوداری شوێنەکەیەوە کە دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا، زیاتر ئاوەدان بووەتەوەو تەنیا (خێلەکانی جاف)ی تێدابووە کە زیاتر لە (١٢) ھەزار خێزان دەبن، ناوەندی ئاوەدانی شارەزوور بووە، پاشان خەڵکی دیکە ھاتوون و پاڵیانداوە بەھۆزەکانی جافەوەو زیاتر ئاوەدان بووەتەوە.
هۆزی جاف لەناوچەی جوانڕۆ سەریان بۆ کەس دانەنەواندووە، پاشان میرێکی ئەردەڵان چاو دەبرێتە ئاو و زەوی و زارە بەپیتەکانی ناوچەکە و دەیەوێ بەزۆرەملێ بۆ ژێر رکێفی خۆیان بخات، ئەوانیش ملی بۆ کەچ ناکەن و لەئەنجامدا جەنگێک دەقەومێت و دوو سەرۆک خێلی جاف دەکوژرێن و ئەوەی دەمێنێتەوە دوای ماوەیەک رووەو شارەزوور روو لە میرنشینی بابانەکان دەنێن و لەناوچەی (بانی خێڵانی) دەربەندیخان نیشتەجێ دەبن، ئەو کاتە ژمارەی جافە ھەڵھاتووەکان (١٠٠) ڕەشماڵێکە و داوا لەمیرنشینی بابان دەکەن کە مافی نیشتەجێ بوون و گەرمیان و کوێستانیان بدەنێ، ئەوانیش ڕێیان پێ دەدەن. بەھۆی چەند بارودۆخێکی نالەبارەوە، وەک چەسپاندنی ھێڵەکانی سەرسنوور بەشێوەیەکی قایمتر وای لەئێلی جاف کرد، بەشوێن ڕێگاچارەیەکی دیکەدا بگەڕێن و بڕیاریاندا واز لە کۆچەرایەتی بھێنن و نیشتەجێ بن. لە ھەموو ڕوویەکیشەوە گوزەران لە ھەڵەبجەدا گونجاو بوو، بۆیە بڕیاریاندا دەست بەدرووستکردنی شاری ھەڵەبجە بکەن. 
ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە و مێژوونووس لەوەدا یەکدەگرنەوە کە بەھەزاران ساڵ پێش زایین بوونی ژیان و قەڵەمڕەوی بچووک و گەورە، کوردی و بێگانە، لەم ناوچەیەدا ھەبوون، وەک (ئاشوریەکان، بیشداییەکان، میدییەکان، ھەخامەییەکان، ئەسکەندەر لە سەدەی چواری پێش زایین، ئەشکانی، ساسانیەکان، ھاتنی ئیسلام (٢١ ی ک. ٦٤٣ ز)، ڕوادییەکان، سلجوقییەکان، ئەتابەکەکان، ئەییوبی، مەغۆلی، جەلائیری مەڕەسپی، تەیموری لەنگ (١٤٠٠ ز)، ئەردەڵان و سەفەوییەکان، بابانەکان، عوسمانی، ئینگلیز، شێخ مەحمود، حکومەتی عێراق، حکومەتی کوردی (حکومەتی ھەرێمی کوردستان).
لە ساڵەکانی کۆچی جولەکە بۆ عێراق و ئێران و کوردستان، ناوچەی شارەزوور و ھەڵەبجە چەندین خێزانی جولەکە ڕووی تێدەکەن و نیشتەجێ دەبن و لەپاڵ خێڵەکانی جافدا پەنا ئەدرێن، کاروباری بازرگانی ئەکەن لەو سنوورەدا، بەمەش زیاتر ئەبێت بە ناوەندێکی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ لەو سنوورەدا.
ھەڵەبجە بازاڕێکی بازرگانی گەرمی ھەبوو شارۆچکەیەکی کوردنشینی قەرەباڵغ بوو، ژمارەی دانیشتووانی (٦٠) ھەزار کەس زیاتر بوو.
ناوچەکانی ھاوسنووری ھەریەک لەوڵاتانی ئێران و تورکیا ھاوشێوەی ناوچەی ھەڵەبجەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کام لەو ناوچانە ھاوشێوەی ھەڵەبجە نین‌ و لەبواری ئەدەب‌ و ھونەردا وەک ئەو خزمەتیان بە نەتەوەی کورد نەکردووە.
ڕیشسپیان‌ و پیاوە دێرینەکانی هەڵەبجە ھەندێکیان ئاماژە بەوەدەکەن، کە یەکەم خانوو لەھەڵەبجەدا بەگەکانی (شیوەکەڵ) درووستیان کردووە و دواتر نەوەکانیان لەوێدا نیشتەجێ دەبن، کە ئەمانیش (حەمە چاوەش) و ھەرسێ کوڕەکەی (پیرۆت‌، سڵێمان‌، عەبدوڵڵا) ئەمانیش لەگەڵ خۆیاندا بنەماڵەیەکی دیکە دێنن، کە ئەمانە بوون، ( پیرۆت) موختاری تورک بووە، کوێخا ئەحمەد کوڕی پیرۆدەو کوڕەکانی بەناوی (حەمەبرا، حەمەبۆر، حەمەفەرەجی کوێخا) و نەوەکانی ئەم سێ برایە زۆربەیان لەژیاندا ماوون و (سڵێمان) یش ئەم منداڵانەی ھەبووە (حاجی محەمەد)، (قادر)، (حاجی فەرەج)، (ئەمین) و (عەبدوڵڵا) ش کە ئەم منداڵانەی ھەبووە (ئەوڕەحمان، ئەحمەد، مەحمود، سەعید، ئەمین، حەمە ساڵح) بەپێی ئەم بۆچوونە یەکەم بنەماڵەیەک ھەڵەبجەی درووست کردبێ ئەم ماڵانە بوون کە ئێستا لەناو خەڵکی شار بە (١٣) سیانزە ماڵە ناسراون.
ھەڵەبجە جاران دوو قەیسەری گەورەی ھەبوو (قەیسەری پاشا‌و قەیسەری حامید بەگ) کە لە ساڵی (١٩٣٤) درووستکراوە، بینا‌و سەرا‌و پۆلیسخانەی ھەڵەبجە ساڵی (١٩٣٠) درووستکراوە، یەکەم قوتابخانە ساڵی (١٩٢٥) و ساڵی (١٩٢٩) بوو بەخاوەنی نەخۆشخانە، ساڵی (١٩٤٠) ئامێری کارەبای ھەڵەبجە کەوتە گەڕ، لە ساڵی (١٩٢٩) پڕۆژەی ڕەسمی ئاوی ھەڵەبجە تەواو بوو، لەساڵی (١٩٢٤) تەلەگراف خانە دامەزاوە، لەناو شاری ھەڵەبجە تەنھا یەک ئۆتۆمبێل ھەبووە پێیان وتووە (لۆریەکەی عەزە) ئەم لۆرییە لەساڵی (١٩٥٠) بەدوو ڕۆژ ئەمسەر‌و ئەوسەری ئەکرد لە ھەڵەبجەوە بۆ سلێمانی .
ڕۆژی (١٣) ئازاری (٢٠١٤) لەلایەن ‌‌‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی کرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان.

بیروڕای جیاجیا لەسەر ناوی ھەڵەبجە ھەن..
هەندێک ئەڵێن، کابرایەک لەو شوێنەدا لەکۆنەوە بێچوە (ھەڵۆ)یەکی گرتووە بەو شێوەیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە) پاشان بووە بە ھەڵەبجە.
ھەندێکی دیکە دەڵێن، ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە بەھۆی باغ‌و بێستان‌و ئاو و شیناییەوە پێیان وتووە (عەجەب جا) لەزمانی فارسیەوە وەرگیراوە، پاشان گۆڕاوە بە (ھەڵەبجە)، واتە جێیەکی سەڕسوھێنەر.
ھەندێکی دیکە ئەڵێن، کابرایەک پێش ھەموو کەس ھاتووە‌و ئاوەدانی کردۆتەوە‌و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەکردن لە زمانی کوردیدا بوو بە (ھەڵۆجا) یان (ھەڵەبجە).
ئەڵێن ئەو ناوچەیە باغ‌ و بێستانی ھەبووە‌و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە، بەھۆی گۆڕانکاری لە زمانی کوردیدا بووە بە (ھەڵەبجە).
لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا دەوترێت، لە ساڵانی (١٦٠٠ تا ١٦١٥) ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدان کردووەتەوە ھەر بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە) پاشان بووە بە (ھەڵەبجە).
ھەندێکی دیکە دەڵێن، کاتێک خەڵکی ناوچەی کرماشان لەرێگەی بازرگانیەوە رۆیشتوون بەرەو (حەڵەب)ی سوریا بینیویانە کەوا ئاو و ھەوای ئەو ناوچەیە لەھی ناوچەی ھەڵەبجە ئەچێت، ئەوان ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە (حەڵەبی پچوک).
بەڵام ھەندێکی تر پێیان وایە کە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان)ەوە ھاتووە، کە میرێکی دەوڵەتی سەلجوقیەکان بووە، لەکاتی سەردانیدا بۆ کوردستان، بە ھەڵەبجەدا گوزەری کردوە‌و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا)، واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان)، مامۆستا جەمال بابان ئەم ڕایەی پەسەند کردووە.
جوگرافیای گشتی هەڵەبجە..
ئەو شارە بەدووری (٧٥)کم کەوتووەتە خواروی رِۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە و تا کاتی کیمیابارانەکەی لەساڵی (١٩٨٨) ژمارەی دانیشتوانی پتر لە (٧٠) هەزار کەس ئەبوو (٧٢٦)م لە ئاستی دەریاوە بەرزەو رووبەری خاکەکەی (١٥٣٢)کم، ئاو و ھەوای مام ناوەندییە، تەنیا چلەی زستانی ساردە و چلەی ھاوینی گەرمە، ئتر رِۆژەکانی دیکەی ساڵ کەش و ھەوای خۆش و لەباری ھەیە و ناوچەیەکی باراناویە و و بەگشتی لەساڵدا (٧٥٠)ملم بارانی لیَ ئەبارێت، لە چلەی زستاندا چەند جارێک بەفری لێ ئەبارێت، بەڵام ئەوەندە نامێنێتەوە کە خەڵک ھەراسان بکات.
بەپێی ھەندێک شوێنەواری کۆن وا دەرئەکەوێت کە ھەڵەبجە لەدێر زەمانەوە مەڵبەندی ژیان بووە، بەڵام چەندین جار وێران کراوەو دواجار لەدەوروبەری ساڵی (١٦٥٠)دا ئاوەدان کراوەتەوەو ووردە وودە گەشەی کردووە و بووە بە شار. 
هەڵەبجە، بەھۆی ئەو ئاو و ھەوا خۆش و لەبارەیەوە جگە لەخەڵکەکەی خۆی خەڵکی تریش لەناوچە و مەڵبەندەکانی دیکەوە بۆی ھاتوون و تێیدا گیرساونەتەوە، بۆیە چەندین بنەماڵەی تیابوو کە لەکۆنەوە دانیشتوی (قەرەداغ، پێنجوێن، مەریوان، بانە، سلێمانەی، سنە، جوانڕۆ، پاوە، کامیاران، بەرزنجی) بوون.
یەکەمین ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە دوای وێرانکردنی لەدەوروبەری ساڵی (١٦٥٠)دا لە لایەن بنەماڵەی حەمە چاوەش شیوەکەڵیەوە بووە کە خۆی و کوڕ و کوڕەزاکانی لە ناوچەی خۆیان گرفتیان بۆ پێشھاتووە سەری خۆیان ھەڵگرتووەو لەھەڵەبجە گیرساونەتەوە. 
(حەمە چاوەش) کە باوکی (پیرۆت، سڵێمان، عەبدوڵڵا)بوو. سڵێمان چوار کوڕی ھەبووە و عەبدوڵڵا شەش کورِی ھەبووەو پیرۆتیش ھەر بەلاوی کۆچی دوایی کردووە، بەهەموویانەوە سیانزە ماڵیان دروستکردووە، ئیتر ئەم سیانزە ماڵە لەدەوروبەری مزگەوتی (تەکیە)دا نیشتەجیَ بوون و بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ سودیان لە سەرچاوەی (کانی نەواڵە) وەرگرتووە کە ئەو دەمە سەراوێکی گەورە بووە و ئێستا ئەکەوێتە ناو (باخی گشتی) شارەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لە جێگەی مزگەوتدا کانیەک ھەبووە حەمەی باول کە خۆی لە نەوەی (حەمە چاوش) ە بە دەماو دەم بیستویەتی و ئەڵێ "ئەم سیانزە ماڵە دەستێکی باڵایان ھەبووە لەبەرھەمھێنانی کشتوکاڵ و باخ و بێستاندا، گنم و جۆ و چەڵتووکیان چاندووەو دارەی ھەڵوژە و قیسی و قۆخ و سێو و تویان رواندووە، بەم کارە شوێنەکەیان تەواو بوژاندووەتەوە.
دوای ئەم سیانزە ماڵە نزیک بەبیست ماڵ جوولەکەی ھاتووەتە هەڵەبجەوە کە بە تەنیشتی ئەوانەوە ماڵیان دروست کردووە، پاشان لەسەردەمی دەسەڵاتی (محمد پاشای جاف)دا ژمارەیەک ماڵە بەگزادەی جافی ھاتوونەتە شارەکەو لە شوێنی خۆیاندا کەئێستاش پێی ئەوترێت گەرڕەکی پاشا رەشماڵیان ھەڵداوەو چەند ماڵێکیشیان دروستکردووە.
دوای ئەمانە لە سەردەمی ژیانی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانیدا گەڕەکی (پیر محەمەد)یش کە ناوەندەکەی (مزگەوتی جامیعە) بووە، ئاوەدان ئەکرێتەوەو ئیتر ووردە ووردە خەڵکی دەوروبەر رووی تێ ئەکەن و گەورە ئەبێت.
میستەر رِیچ لەگەشتنامەکەیدا کە ساڵی (١٩٢٠) نوسیویەتی وای دیاری ئەکات کە ئەو دەمە ھەڵەبجە شار بووە، کەچی سەیر ئەوەیە ھەر نزیک بەم مێژووەی رِیچ مێژوویەکی دیکەمان ھەیە کە مێژووی کۆچی یە نەک زاینی وای دیاری ئەکات کە ھەڵەبجە ئەو دەمە گوند بووە. 
دانیشتووانی هەڵەبجە..
ژیانی خەڵکی ناو شاری ھەڵەبجە، زیاتر بەکاروباری دوکانداری، بازرگانی، کشتوکاڵی، کارمەندی حکومەت، ئاژەڵداری، ئیشوکاری سەرپێی و ھاتوچۆی مەرز‌و سنورەکانی ئێران، ڕاوەماسی بەسەر ئەبەن. 
بەپێی سەرژمێری فەرمانگەی ئامار لەساڵی (١٩٧٧) کەچوار گەڕەکی سەرەکی (بامۆک، پاشا، سەرای، پیر محەمەد) سەرجەمی ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە (٢٢٤١١) کەس بوو، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە خەڵکی ئەو چوار گەڕەکەیان پێکھێناوە، (٣٨٥٠) خێزان بووە، واتە دانیشتوانی شارەکە (٣٧%)ی سەرجەم دانیشتوانی سنوری ئیداری پارێزگاکەی پێکھێناوە، ژمارەی خانوبەرە دروستکراوە ئەھلی‌ و دەوڵەتیەکان (٣٦٢٨) و لەڕووی خزمەتگوزاریە گشتییەکانەوە (١٧) خوێندنگاو (٢) نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی تیابووە، بەڵام لەئاماری ساڵی (١٩٨٧) سەرجەم دانیشتوانی سنووری ئیداری پارێزگاکە (١١٥٢٩٩) کەس بووە، کەئەمەش (١٢، ١١%)ی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە، واتە لەماوەی ساڵانی (١٩٧٧ تا ١٩٨٨) رێژەی زۆربوون‌ و گەشەکردنی دانیشتوان (٣،٣%) بووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە