پەیامی کورد ... "سوپاسالاری پێشمەرگە زانیاری لەسەر ڕێککەوتنی سەربازی و ئەمنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەدات"
شاندی سەربازی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دوێنێ سەردانی بەغدای کرد و بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق کۆبوونەوە و لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خولی پێشوو، لە لێژنەی ئەمنی و سەربازی دەڵێت، ئەم هەماهەنگی و ژوورە هاوبەشانەی بڕیاری لەسەر درا، تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر دروست بکرێت.
دوێنێ ۱۳ی ۱۰ی ۲۰۲۰ لیژنەی هەماهەنگی سەربازیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق سەردانی بەغدای کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرینگ و هەڕەشە ئەمنییەکان و مەترسی داعش لەو ناوچانەی ماددەی ۱٤۰ـە، لە کاتێکدا لە ٥ی ئۆکتۆبەر، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک لە پەرلەمانی کوردستان بوو لە ووتارەکەیدا ڕایگەیاند: "بۆ ههماههنگی ئهمنی و سەربازی ڕێککهوتنێک له نێوان وهزارهتی پێشمهرگه و لایهنە پەیوەندیدارەکانی حکوومهتی فیدراڵدا کراوه کە بۆ دروستکردنی شهش ناوهندی هاوبهشی زانیارییە له دیالە، کهرکووک، مهخموور، مووسڵ، ههولێر و بهغدا."
جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، پەیوەست بە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی حکوومەت عێراق، ڕایگەیاند: " لەسەر دوو خاڵ ڕێک کەوتین، یەکەمیان، کردنەوەی دوو ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی بوو؛ یەکێک لە بەغدا و ئەوی تر لە هەولێر. دووم خاڵ، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە، لیژنەکە سەردانی میحوەرەکانی دیالە و خانەقین تاکو کفری دەکات، ئەم لیژنەیە پێشنیاری خۆی پێشکەشی لیژنەی باڵای هاوبەشی ئەمنی دەکات، بۆ ئەوەی هێڵی بەرگریی نێوان هەردوولا ببێتە یەک هێڵ و بازگەی هاوبەش دابنرێت و چالاکییەکان بە هاوبەشی بکرێت، ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان بوو ."
لەبارەی کاتی دەستبەکاربوونی دوو ناوەندەکەوە سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا: "دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هەردوو ناوەندەکە دەستبەکار ببن و، باسی لەوەش کرد کە ئەرکی ئەو ناوەندانە ئەوەیە زانیاریی هەواڵگری لە نێوان یەکدیدا بگۆڕنەوە، لیژنەکە لە دیالە دادەنیشن بۆ دامەزراندنی ناوەندی دیالە لە خانەقین."
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە لێژنەی ئەمنی-سەربازی، پەیوەست بەم هەماهەنگییەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و گرنگییەکەی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە بۆ هەماهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، چونکە ئاشکرایە هەڕەشەی تیرۆریستی لەو ناوچانە زیادی کردووە، بەتایبەت ناوچەکانی درەوەی هەرێمی کوردستان، هەروەها جمووجۆڵی تیرۆریستان ئەوە دەخوازێ کە هەردوولا هەماهەنگیی سەربازی بکەن، تا ئەو قۆناغەی ئێستا بڕیاری ژووری عملیات دراوە، پێشتریش بڕیار لەسەر ژووری هەماهەنگی درابوو لە ناوچەکانی دەروەی هەرێمی کورستان بۆ ژووری هاوبەش."
عەبدوڵڵا ووتیشی: "ڕاستە ئەم ژوورانە بڕیاریان لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە واری پڕاکتیکییەوە و، هەنگاوی بۆ نەنراوە، بەڵام کە دروست کرا ئەم ژوورانە هاوکار دەبن بۆ سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقی و هێزی هاوبەشی هەردوولا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و سنووری ماددەی۱٤۰، ئەم هەمانگییە گرنگە و سەرلەنوێ هێزی هاوبەش و پێشمەرگە بڵاوەیان پێ دەکرێت لەم ناوچانە و لە قازانجی دانیشتووانی ئەم ناوچانەیە و لە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش دەیانپارێزێت، هەروەها بۆ هەر حاڵەتێکی لێکتێنەگەیشتنی ئەم هێزانە ژوورە هابەشەکان زۆر گرنگن "
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە