سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەكات

پەیامی کورد   ...   ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی١٢ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلریک شانۆن باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی کەنەدا وێڕای دەربڕێنی خۆشحاڵی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان نیشان دا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەرکردایەتییکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز نرخاند.

ئۆلریک شانۆن پەیوەندییەکانی وڵاته‌کەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرینگ لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کەنەدا لە شەڕی داعشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە بەردەوام دەبێت و چاویان لەوەیە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.

سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی کەنەدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانی خۆیشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە