پەرلەمانی كوردستان لە سەر بەرزبوونەوەی ڕیژەی کوژرانی ژنان و کچان هاتە دەنگ

پەرلەمانی كوردستان لە سەر بەرزبوونەوەی ڕیژەی کوژرانی ژنان و کچان هاتە دەنگ

پەیامی کورد … پەرلەمانی كوردستان لە سەر بەرزبوونەوەی ڕیژەی کوژرانی ژنان و کچان هاتە دەنگ

 

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەواڵی كوژرانی كچ و ژنان لەهەرێمی كوردستان لەهەڵكشاندایە وئامارەكانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی وتێڕامانی قووڵن.

 

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە: لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان سەركۆنەی كوشتنی ئافرەتان دەكات لەژێر هەر پاساو وبیانوویەك بێت و ئەمە تەنها رووداو نییە كەبەهۆی بوونی هەندێك لەعەقڵییەتی ژنكوژ وبەكەم سەیركردنی مافی ژنانە وبەردەوام روو دەدات.

 

ئەوەشی خستەڕوو: ئەوان وەك لیژنەی پەیوەندیدار لەپەرلەمانی كوردستان بەوردی بەدواداچوون وچاودێری بۆ كەیسەكانی كوشتنی ئافرەت وجێبەجێكردنی رێكارە یاساییەكان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەكەن وپاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن ودادوەری بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر تاوانباران وئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دووپات كردووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ ئەوەی یاسایەكی نوێ سەبارەت بەبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان وئافرەت لەم خولەی پەرلەماندا دەربكرێت، وتێیدا رێكارەكانی سزادانی تاوانبارانی كەیسەكانی كوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بكرێن وببنە بەربەست بۆ بنبڕكردن وكەمكردنەوەی ئەو دیاردە نامرۆڤانە وتاوانە ناشارستانییەی كەلەلایەن هەندێك لەخاوەن هزری دواكەوتوو وبێویژدانەوە ئەنجام دەدرێت.

 

لیژنەكە جەختی لەپێویستی ‎هەماهەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێكردن ودادوەری كردووە بۆ هەنگاوی كردەیی زیاتر هەریەكە وبەپێی ئەرك ودەسەڵاتی خۆی، لەپێناو رێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە وسەروەركردنی یاسا بۆ سزادانی بكەران.

 

لیژنەكە راشیگەیاندوە : ‎لەهەموو ئەمجۆرە كەیسانە پێویستە حكوومەت خاوەندارێتییان لێبكات و رێگە بەسوڵح و رێككەوتنی عەشایەری نەدات، وسزای توندی ئەوانە بدرێت كەتاوانی كوشتن ئەنجامدەدەن، ‎جەخت لەوەشكراوەتەوە كە لەپاڵ یاسادا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەئەركی خۆیان هەڵبستن لەپەروەردە و رۆشبیری وهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، تاوەكو عەقڵییەتە ژنكوژەكان بپووكێنەوە وبوونیان لەكۆمەڵگەدا ببێتە مایەی شەرم وشەرمەزاری

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە