پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی هەڵەبجە دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/8/23 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندرووستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد.
سەرۆکی حکوومەت نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دام ودەزگاکانی حکوومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات. هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان، بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت.
دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە