پەیامی کورد … حەیدەر قوربانی لەسێدارە درا
سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١)، سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەیندراوێک هەواڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.
حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی پێشتر لەمبارەوە بە هەنگاوی وتبوو: “ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرز کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێجەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش دۆسیەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە. من ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەد کردووەتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لەکامێران بەڕێ کراوە.
حەیدەر قوربانی کە رۆژی ٢٥ی رەزبەری ٢٧١٦( ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٦) لە گەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی " مەحموود سادقی" لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کاناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.
حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (ژانویەی ٢٠٢١) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی ە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە ٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (٢٨ی ژانویه) بە فەرمی بەناو براو لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیەندرا.
سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندبوو.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە حەیدەر قوربانی ماوەی ٢٠ مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر تیڤی بڵاو بووە، بنەماڵەکەی بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانییان لە گەڵیدا قسە بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە