پەیامی کورد ... ئیدارەی خۆجەیی كوردانی رۆژئاڤای کوردستان رایگەیاند، هەڕەشەكانی ئەمدواییانەی حكومەتی سووریا دژ بە كوردەكان، ئەوە دەردەخات تا ئێستاش حوكمی وڵاتەكە پەیڕەوی كپكردن و توندوتیژی دەكات.
ئیدارەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردەكانی ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە هەڕەشەكانی وەزیری بەرگری سووریا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، "كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە ئەوە دەردەخات حكومەی سووریا سوورە لەسەر پەیڕەوكردنی سیاسەتی كپكردن و تووندوتیژی".
ئیدارەی خۆجەیی كوردانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە سووریا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو جۆرە لێدوانانە واتای ئەوەیە دیمەشق دەیەوێت لە ململانێ و ئاڵنگاریەكانی سوریادا لە چارەسەرە دیموكراتی و ئاشتیخوازانەكان ڕابكات".
دوێنێ دوشەممە، موحەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران و عەلی عەبدوڵا ئەیوب، وەزیری بەرگری سووریا لە دیمەشق-ی پایتەختی سوریا کۆبونەوە و دوابەدوای كۆبوونەوەكە ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد خاکی سووریا بەجێبهێڵن و وەزیری بەرگری سوریا-ش هۆشداریدا لە ئەگەری ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی هێزەكانی حكومەتی سووریا بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردەكان.
وەزیری بەرگری سوریا راشیگەیاند، "هێزی سەربازی سوریا یان لەڕێگەی دانوستان یان لە رێگەی بەكارهێنانی هێزەوە دەچێتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد لە باكوری سوریا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە